بڕیاری دەستكاریكردنی نرخی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی عێراق و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پێشتر لەلایەن وەزیری دارایی و بانكی ناوەندییەوە هێزە سیاسیەكانی لێ ئاگاداركراوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2026 ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: بەردەوام لە گفتوگۆو پەیوەندی و چاوپێكەوتندابووم لەگەڵ وەزیری دارایی و پارێزگاری بانگی ناوەندی و بڕیاربەدەستانی دارایی عێراق و بەم ئەنجامانە گەیشتووم:
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق چووەتە بەردەم هێزە سیاسیە كاریگەرییەكانی ناو ئیدارەی دەوڵەت و بەڕوونی پێی وتوون دۆخی دارایی عێراق خراپەو چوار بژاردەمان لەبەرەدەمدایە ئێوە دیاری بكەن كامیان جێبەجێبكەین:
بژاردەی یەكەم: دارایی عێراق (انهیار) دادەڕووخێت
بژاردەی دووەم: مووچە كەم بكەینەوە
بژاردەی سێیەم: دەبێت 45 رۆژ جارێک مووچە بدەم
بژاردەی چوارەم: گۆڕانكاری لە نرخی دۆلاردا بكەین
ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی یەكێك لەم بژاردانە هەڵبژێرن بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەین، دیارە ئەوانیش بژاردەی چوارەمیان هەڵبژاردووە كە گۆڕانكارییە لە نرخی دۆلار لە (130) دینارەوە بۆ (150) دینار، ئەم گۆڕانكارییەش بە پرس و راوێژبووە بە هێزە سیاسیەكان و لەسەری رێككەوتوون.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوەش دەکات، کە بانكی ناوەندی لە بڕیارەكەی پاشگەز نابێتەوە، بۆیە گۆڕینی نرخی دۆلار چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، هیچ مەجالێكی گۆڕانكاری تێدا نەماوە.