گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەیەکی شاری ڕیازی پایتەختی سعوودیەی بە مووشەکی بالیستی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026 یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ڕایگەیاند: هێزەکانیان بە مووشەکێکی بالیستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدیان لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە پێکاوە، بەهۆی ئەم هێرشەشەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە وەستان.
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ڕوونی کردەوە، جگە لە بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەکە، کۆگاکانی کەرەستەی سەربازیی لە نزیک فڕۆکەخانەی عەدەن لە باشووری یەمەنیش پێکاوە.
لە بەرانبەردا، هاوپەیمانیی پاڵپشتیی حکومەتی یەمەن بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستیی لە ئاسمانی باکووری ڕیاز پێش گەیشتنی بە ئامانجەکەی ڕاگەیاند.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە مووشەکییانە، شەڕی زەمینی لە نێوان سوپای حکومەتی یەمەن و چەکدارانی حووسی لە کەناراوەکان بەردەوامە.