ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا بڕیاری دا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزێنێت، لەمەدوا بەهای دۆلارێک لە 1300 دینارەوە دەبێت بە 1500 دینار.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026 بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بیست و دووەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی بکات، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە بوو کە لەلایەن وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پێشکەش کرابوون.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەهای نوێی دۆلار بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریکراوە:
یەکەم، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.
دووەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.
سێیەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.
ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق بەتەنیا 19 تریلیۆن و 203 ملیار دینار داهات بۆ حکومەت زیاد دەکات، بەمەش کورتهێنان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا، لە 62 تریلیۆن و 208 ملیار دینارەوە بۆ 41 تریلیۆن و 931 ملیار دینار کەم دەبێتەوە.