تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ یەكشەممە، لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازووی پێداچونەوەی مانگی ئابی برد بۆ بەغداد؛ ئامانج لەم کارە وردبینیکردن و خێراکردنی دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە؛ تیمی تەکنیکی وەزارەت ئامادەکارییەکانی بۆ ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی (ئەیلوول)ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەواو کردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، سبەی دووشەممە ئەم لیستە بە فەرمی ڕادەست دەکرێت تاوەکو پڕۆسەی تەمویلکردنی مووچەکان لەلایەن بەغدادەوە دەستپێبکات.
هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەکەدا، تیمەکە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی دارایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی مانگی (ئاب)ی 2026 ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکات.
لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، حکومەتی هەرێم پابەند کراوە بە ناردنی لیستی مانگانەی مووچە و ڕاپۆرتی داهات و خەرجییەکان (تەرازووی پێداچوونەوە). ئەم ڕێکارانە بۆ ئەوەن کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەکی ناوەندی لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دابینبکرێت.