وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 2 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، کە 250 هەزار بەرمیلی لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە.
سەلیم ڕوکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە (30ی ئەیلوولی 2026) ڕایگەیاند، “عێراق ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 2 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.”
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق روونیکردەوە، لەو بڕە، بە تێکڕا 2 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوەیە و 250 هەزار بەرمیلیش لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت. لەم بڕەش، 140 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و 40 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی کەرکووکەوەیە، هەروەها ڕۆژانە 70 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە (کە بڕەکەی دەگۆڕێت) ڕەوانەی کەرکووک دەکرێت بۆ ئەوەی هەناردە بکرێت.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی بەنزین، سەلیم ڕوکابی گوتی، “ئێستا ڕۆژانە 29 بۆ 30 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێندرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، بەشێکی دیکەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، کە ڕێژەکەی بەپێی پێویستی دەگۆڕێت.”
ڕۆژی سێشەممە (8ی ئەیلوولی 2026) لە کاتی کردنەوەی چوارەمین پێشانگە و کۆنگرەی نێودەوڵەتیی نەوت و گازی عێراق، باسم محەممەد عەبادی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، “سەرەڕای دەستپێکردنی کارەکانمان لە بارودۆخێکی سەختدا، وەزارەتەکەی بڕیاریداوە بە گیانێکی دەستپێشخەرانەوە رووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە.” بە گوتەی عەبادی، “لە ماوەی 100 ڕۆژی تەمەنی حکومەتدا، توانیمان هەنگاوی گەورە بنێین، لەسەرووی هەمووشیانەوە بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت بوو لە 200 هەزار بەرمیلەوە بۆ زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە لەم مانگەدا، ئەمەش بە هەوڵی دڵسۆزانەی فەرمانبەران و کۆمپانیا نیشتمانی و جیهانییەکان هاتەدی.”