قەرزی نێوخۆیی عێراق لە هەڵکشاندایە و گەیشتە نزیکەی 110 تریلیۆن دینار

قەیرانی دارایی و کورتهێنانی بودجەی عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر قەرزەکان دروست کردووە، بە جۆرێک کە قەرزی نێوخۆیی وڵات تێپەڕی بەسەر ئاستی 109 تریلیۆن دیناردا، و تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا نزیکەی سێ تریلیۆن دیناری بۆ زیاد بووە.

بە پشتبەستن بە نوێترین ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، قەرزی نێوخۆیی تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزی ڕابردوو گەیشتووەتە 109 تریلیۆن و 516 ملیار و 461 ملیۆن دینار. ئەم بڕە بەراورد بە مانگی پێش خۆی سێ تریلیۆن و 444 ملیار و 262 ملیۆن دینار هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: کۆی ئەم قەرزە نێوخۆییانەی حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە و خەرجییە گشتییەکانی تری خەرج کراون. بە گوتەی ناوبراو، عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی خەرجییەکان، کە لەو بڕە زیاتر لە حەوت تریلیۆن دیناری تەنیا بۆ دابەشکردنی مووچە تەرخان دەکرێت.

ئامارەکان دەریدەخەن کە لە سەرەتای ئەمساڵدا قەرزی گشتیی عێراق لە ناوخۆدا 89 تریلیۆن و 515 ملیار دینار بووە، بەڵام تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە قەرزەکە بەرز بووەوە بۆ 109 تریلیۆن و 516 ملیار و 632 ملیۆن دینار؛ واتە لە ماوەی تەنیا حەوت مانگدا، بڕی 20 تریلیۆن و یەک ملیار دینار قەرزی نوێ کراوە.

سەرچاوەی سەرەکیی ئەم قەیرانی قەرزە دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی بەرچاوی داهاتی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی سەرهەڵدانی جەنگ و داخستنی تەنگەی هورمز. هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئابی ڕابردوودا دابەزی بۆ 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا پێش قەیرانەکان تێکڕای هەناردە ڕۆژانە لە سەرووی 3.2 ملیۆن بەرمیلەوە بوو.