نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک قەبارەی مامەڵەکان ئاراستەیەکی هەڵکشانیان بەخۆیانەوە بینی و نرخی نەوت ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ توندتربوونی گرژییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و لاوازبوونی هیواکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوانیان.

بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور ڕێژەی 1.22%ی پێوانەیی تۆمار کرد و بە 106.56 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکییش بە ڕێژەی زیاتر لە 1% بەرز بووەوە و بەهای هەر بەرمیلێکی گەیشتە 93.57 دۆلار.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیکردەوە کە وڵاتەکەی لە ڕێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەکانەوە لە شاری نیویۆرک، گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا ئەنجام داوە. ئەم دیالۆگانە وەک بەشێک لە هەوڵە نوێیەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگ بەڕێوەدەچن، سەرەڕای ئەوەی هەردوولا بە جیا مامەڵە لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا دەکەن.

لەم بارەیەوە، مەحموود مەشعەل شارەزایی بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (VT Markets)، دەڵێت سەرنجی سەرەکیی ئێستای بازاڕەکان چڕ بووەتەوە سەر پێشڕەوییەکان لەم گفتوگۆیانەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو پێیوایە نیگەرانییەکان لەسەر ئاستی پاراستنی ژێرخانی وزە و ڕەوتی دابینکردنی لە ناوچەکەدا هێشتا ماون، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانەوەی پێکدادان و گرژییەکان لەنێوان سعوودیە و حووسییەکاندا.

لە لایەنی ستراتیژییەوە، تەنگەی هورمز کە پێش دەستپێکردنی جەنگ ڕێڕەوێکی سەرەکی بوو بۆ تێپەڕبوونی 20%ی نەوتی هەموو جیهان، ئێستا بە چڕی لەژێر چاودریدایە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ پێشنیارە مەرجدارەکەی تێرانی بۆ کردنەوەی ئەو تەنگە ئاوییە رەتکردەوە و بە بەرپرسە نزیکەکانی گوتووە کە چاوەڕوان دەکات لە دوای هەڵبژاردنەکانی نێوخۆ لە مانگی 11دا، هێرشە ئاسمانییەکان و بۆردوومانکردنی ئێران دەستپێبکاتەوە.