شاندێکی دارایی و ئابووریی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە گفتووگۆکانی داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشکی هەرێم بە ڕێژەی 14%، سەردانی بەغدادی کردووە.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، شاندێکی هونەری و باڵای وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایی کردووە. ئامانجی سەردانەکە بەشدایکردنە لە کۆبوونەوەکانی داڕشتنی ڕەشنووسی یاسای بودجە و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵ.
بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاکێجێکی دارایی گشتگیرەوە چووەتە نێو دانوستانەکان. کۆی ئەو پاکێجە نزیکەی 29 تریلیۆن دینارە و ئامانجی سەرەکیی جێگیرکردنی شایستە داراییەکان، مووچەی فەرمانبەران و بودجەی وەبەرهێنانە.
لە پێشنیازەکانی هەرێمدا، داوا کراوە پشکی هەرێم بە ڕێژەی 14% دیاری بکرێت، کە بە پێی خەمڵاندنەکان هاوتای نزیکەی 29 تریلیۆن دینارە.
بڕی پێشنیارکراوی بودجەی بەکارخستن، کە مووچە و شایستە داراییەکان لەخۆ دەگرێت، زیاتر لە 23.5 تریلیۆن دینارە. ئەم بڕە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانە، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دابینکردنی مافەکانی خانەنشینان تەرخان دەکرێت.
هەروەها، پێشنیاز کراوە زیاتر لە 60,000 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست بەهەمیشەیی بکرێن و 16,000 دەرچووی سێ یەکەم و بەشە پزیشکییەکان دابمەزرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، قەرەبووکردنەوەی مافەکانی خانەنشینانی ساڵانی 2025 و 2026 لە پێشنیازە داراییەکاندا هاتووە.
لە بواری وەبەرهێناندا، هەرێم داوای تەرخانکردنی 5.5 تریلیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ژێرخانییەکان کردووە.
پێشنیازەکە هەروەها جێگیرکردنی پشکی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوتاکردنی مینحەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ یاسا فیدراڵییەکان لەخۆ دەگرێت.
شاندە هونەرییەکە بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەڕێوەبەری ژمێرکاریی وەزارەتی داراییی هەرێم، لە داڕشتنی دەقی ماددە یاساییەکانی پڕۆژەیاساکەدا بەشدار دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە سیستەمی «بەرنامە و دەرئەنجام» ئامادە دەکرێت. شارەزایانی ئابووری ئەم قۆناغە بە خاڵێکی هەستیار و کاریگەر لەسەر ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەزانن.
| بابەت | بڕ و وردەکاری |
|---|---|
| پشکی پێشنیارکراوی هەرێم | 14%، نزیکەی 29 تریلیۆن دینار |
| بودجەی بەکارخستن | زیاتر لە 23.5 تریلیۆن دینار |
| بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان | زیاتر لە 60,000 مامۆستا و فەرمانبەر |
| دامەزراندنی دەرچووان | 16,000 کەس |
| بودجەی وەبەرهێنان | 5.5 تریلیۆن دینار |
| ساڵانی قەرەبووکردنەوەی خانەنشینان | 2025 و 2026 |