لە ڕووداوێکی تەقەکردندا بەرپرسێک و کوڕەکەی و بڕازاکەی کوژران

لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە شاری باتمانی باکووری کوردستان، موحەممەد دیرەک، ئەندامی سەرکردایەتی لقی ناوخۆیی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا، لەگەڵ کوڕەکەی و بڕازایەکی کوژران.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی “جمهوریەت”ی تورکی، هێرشەکە لە گۆڕستانی شارەوانی لە گەڕەکی گۆنێکێنت لە شاری باتمان ڕوویداوە، چەند کەسێکی نەناسراو تەقەیان لە مەحەمەد دیرەک، ئەرجانی کوڕی و بەکیری بڕازای کردووە و لە ئەنجامدا هەر سێکیان لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.

دوای ڕووداوەکە، هێزەکانی پۆلیس گەمارۆی ئەمنییان خستە سەر ناوچەکە و هاتووچۆیان لە گۆڕستانەکە سنووردار کرد، هاوکات لێکۆڵینەوەی بەرفراوانیان بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری تاوانەکە و دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی دەستپێکردووە.

پۆلیسی تورکیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران کە لە شوێنی تاوانەکە هەڵاتوون، ئەوەش بە بەکارهێنانی تۆماری کامێراکانی چاودێری و شوێنپێهەڵگرتنی ڕێگای هەڵاتنیان.