وەزیری تەندروستی ڕایدەگەیەنێت؛ هەرچەندە ئەمساڵ هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام ڕێکارەکانی خۆپارێزیمان توندتر کردووە و هەر کەسێک نیشانەی هاوشێوەی تای خوێنبەربوونی هەبێت پشکنینی بۆ دەکەین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “پشکنینمان بۆ هەموو ئەو کەسانە کردووە کە گومانی تای خوێنبەربوونیان لێدەکرا، بەڵام هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکردنەوەی پۆزەتیڤ نەبووە، ئەو حاڵەتەی تای خوێنبەربوونەی لە سلێمانی تۆمار کرا، خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراق بوو، لە سلێمانی چارەسەری بۆ کرا و گەڕایەوە ناوچەکەی خۆی.”
سامان بەرزنجی، هۆشداریشی دا و گوتی: “بەهۆی ئەوەی ئێستا وەرزی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەیە، پێشبینی دەکەین حاڵەتی پۆزەتیڤ هەبێت، بۆیە تیمەکانمان گەڕان و چاودێرییان چڕکردووەتەوە.”
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ئەگەر حاڵەتەکە چارەسەر نەکرێت دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی چارەخوازەکە.