مەزڵووم عەبدی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە نهێنی کۆبوونەتەوە

ڕۆژنامەی جمهوریەتی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە مانگی ئازاردا براونەتە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان كۆبوونەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئایاری 2026 ڕۆژنامەی جمهوریەتی تورکیا ڕایگەیاند: مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان كۆبوونەتەوە، ئۆجەلان بە توڕەییەوە بە سەرکردایەتی هەسەدەی وتووە؛ ئێوە لە من تێنەگەیشتن.

ڕۆژنامەکە دەشڵێت: لە نێو کۆبوونەوەکە ڕێبەری پەکەکە بە ئیلهام ئەحمەدی گوتووە؛ “ئەگەر من نەبومایە، تۆش وەک کچەکانی حەلەب یان دەستگیر دەکرای یان خۆت لە باڵەخانەیەک فڕێ دەدایە خوارەوە. من ئێوەم ڕزگار کرد.”

ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکراوە کە دەبێت هەسەدە بچێتە ناو پڕۆسەی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ حکومەتی سووریا.

بەگوێرەی میدیا توركییەكە، بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی و داواکاری ئۆجەلان بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سووریا، بووەتە هۆی دروستبوونی مشتومڕ لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەنقەرە.