وەزارەتی تەندروستی هۆشداری بە پزیشکان و نەخۆشخانەکان دەدات

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی نوێدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی کراوە، چەند بڕیارێکی نوێ و گرنگی لە پێناو پاراستنی مافی نەخۆش و ڕێکخستنەوەی دەوامی پزیشکان لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026 وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “دەبێت پزیشکی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین لە کاتی ئێشکگرییدا بەردەوام لەناو نەخۆشخانە ئامادەبن، بە هیچ جۆرێک رێگە نادرێت پزیشک لە دەرەوەی نەخۆشخانە بێت و بە تەلەفۆن (On Call) کارەکان ڕاپەرێنێت.”

وەزارەتی تەندروستی لە یەکێک لە بڕیارەکان دەڵێت: “ئەو پزیشکەی لە نەخۆشخانە حکوومییەکان ئێشکگرە، بۆی نییە لە هەمان ڕۆژدا لە نۆرینگەی تایبەت یان نەخۆشخانە ئەهلییەکان کار بکات، دەبێت تەواوی کاتەکەی بۆ خزمەتی نەخۆشخانە حکومییەکە تەرخان بکات.”

وەزارەت لە بڕیارەکانی ئاماژە بەوەش دەکات، “بەکارهێنانی مۆبایل و ئەپڵیکەیشنەکانی (ڤایبەر، واتسئەپ، تێلێگرام) بۆ بینینی وێنە و ڤیدیۆی نەخۆش و دەستنیشانکردنی نەخۆشی قەدەغەیە، پزیشک دەبێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەسەر جێگەی نەخۆشەکە ئامادە بێت و پشکنینی بۆ بکات.”

سەبارەت بە کاتی دەوام، لە بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە؛ “بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان ڕاسپێردراون کە خشتەی ئێشکگریی مانگانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەبێ جیاوازی دابەش بکەن، هەروەها هەر گۆڕانکارییەک لە خشتەکەدا دەبێت پێشوەختە رەزامەندی لەسەر بدرێت و بڵاوبکرێتەوە.”

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارانە کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەرچوون، مەبەست لێیان بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دڵنیابوونەوەیە لەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا باشترین چاودێری دەکرێت و چارەسەر دەکرێت.