خێزانێکی شەش کەسی لە قەزای سۆران بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون، بەگوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی، تەندروستییان ناجێگیرە.
ڕۆژی هەینی 3ی نیسانی 2026 د.حەمرین مینە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتیی فێرکاری لە سۆران ڕایگەیاند: “ئەو شەش کەسە ئەندامی یەک خێزانن، دوای خواردنی قارچک (کوارگ) تووشی ژەهراویبوون بوون، دوێنێ شەو کاتێک گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، تەندروستییان ناجێگیر و مەترسیدار بووە.”
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی ئاماژەی بەوەشکرد، “لە سنووری سۆران و باڵەکایەتی چەندین جۆری قارچک هەن کە بەشێکیان ژەهراوین و خواردنیان دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی توند و هەندێکجاریش گیانلەدەستدان.”
ساڵانە لەم وەرزەدا بەهۆی بارانبارین و شێدارییەوە، قارچکێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری سۆران و باڵەکایەتی دەڕوێت، ئەمەش وای کردووە بەشێک لە هاونیشتمانییان بۆ خواردن یان فرۆشتن کۆی بکەنەوە.