کامیار دێرانەیی
دوای داخستنی تەنگاوی هورمز و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق خۆی لە بەرامبەر قەیرانێکی گەورەدا بینیەوە: ناتوانێت نەوتی خۆی هەناردە بکات. زیاتر لە ٨٠٪ی بودجەی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە دێت و ڕێگە سەرەکییەکانی هەناردەکردن لێ داخرا بۆیە بەغدا بە ناچاری ڕووی لە تاکە ڕێگای ماوە کرد (بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان). ئەمەش چەندین پرسیاری لەگەڵ خۆی هێناوە: بۆچی عێراق تەنها دەیەوێت نەوتی کەرکوک هەناردە بکات، نەک نەوتی شارەکانی تر؟ ئایا ڕێککەوتن لەسەر هەناردەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل دەتوانێت جیاوازییەک لە ئابووری عێراقدا دروست بکات؟ و گرنگتر لە هەمووی، ئایا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەم هۆکارە چارەسەر دەبن؟
عێراق چەندین کێڵگەی نەوتی هەیە لە باشوور و ناوەڕاست و باکوور، بەڵام کاتێک باسی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆریی کوردستانەوە دەکرێت، تەنها نەوتی کەرکوک دەخرێتە ڕوو. ئەمە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە.
هۆکاری یەکەم: کەرکوک تەنها یەک بۆری نییە بۆ گواستنەوەی نەوت، بەڵکو دوو بۆری جیاوازی هەیە. بۆریی یەکەم هی حکومەتی فیدراڵە و راستەوخۆ نەوتی کەرکوک دەبەستێتەوە بە بەندەری جەیهانەوە. بەڵام ئەم بۆرییە نزیکەی ١٢ ساڵە کار ناکات. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە تەقێنراوەتەوە و زۆربەی بەشەکانی کەوتوونەتە ناوچە مەترسیدارەکان. نۆژەنکردنەوەی ئەم بۆرییە لە ژێر بارودۆخی ئێستادا زەحمەتە. بۆریی دووەم هی هەرێمی کوردستانە. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکی گرتە دەست، ئەم کێڵگانە بە ژێرخانی نەوتی کوردستانەوە بەستراون. لەو کاتەوە تاوەکو ڕاگرتنی هەناردەکان، نەوتی کەرکوک لە هەمان بۆریی کوردستانەوە هەناردە دەکرا. ئەمەش واتە کەرکوک لە ڕووی تەکنیکی و لۆجستییەوە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە، تەنها پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی هەیە.
هۆکاری دووەم: جوگرافیا و نزیکی. کەرکوک نزیکترین کێڵگەی نەوتی عێراقە لە بۆریی کوردستانەوە. نەوتی پارێزگاکانی تر، وەک بەسرە یان میسان، دەکەوێتە باشووری عێراق و دوورن لەم بۆرییە. گواستنەوەی نەوتی باشوور بۆ باکوور و پاشان بۆ تورکیا تێچووی گواستنەوەیان. بۆیە بەغدا تەنها بیری لە نەوتی کەرکوک دەکاتەوە بۆ ئەم ڕێگایە.
عێراق ڕۆژانە نزیکەی ٣.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنا و زۆربەی هەناردە دەکرد. لەم ڕێژەیەدا، ٢٠٠ هەزار بەرمیلی کەرکوک ڕەنگە کەم دیار بێت. بەڵام ئەم ژمارەیە لە چوارچێوەی ئێستادا گرنگییەکی تایبەتی هەیە چونکە کاتێک ڕێگای سەرەکی هەناردەی عێراق دادەخرا، فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت دەبێتە هەناسەیەک بۆ ئابووری وڵات. لە ئێستا بودجەی عێراق ڕووبەڕووی کورتهێنانی ٤٨ ملیار دۆلاری بووەتەوە و هەر بەرمیلێک نەوت کە دەفرۆشرێت، ڕێژەیەک لەم کورتهێنانە کەم دەکاتەوە. فرۆشتن بە نرخی ٧٥ بۆ ٨٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەتوانێت ڕۆژانە نزیکەی ١٥ ملیۆن دۆلار داهات بۆ عێراق دروست بکات. ئەمە لە مانگێکدا دەبێتە نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن دۆلار. ئەم پارەیە لە کاتێکدا کە عێراق ناتوانێت نەوتی تر هەناردە بکات، دەبێتە هۆی ڕزگاربوون لە قەیرانێکی گەورەتر.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕازییە یارمەتی بدات لە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک، بەڵام بەرامبەر بەم هاوکارییە، چەندین داواکاری هەیە. ئەم داواکارییانە لە ڕاستیدا کۆمەڵە کێشەیەکن کە لە ماوەی دواییدا لە نێوان هەردوولا قووڵ بوونەتەوە.
یەکەم و گرنگترین: گەمارۆکانی دۆلار. بەغدا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕێگری لە گەیشتنی دۆلار بە بازرگانانی کوردستان کردووە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە کوردستاندا ڕووبەڕووی قەیران ببێتەوە و نرخی دۆلار بەرزببێتەوە. هەرێم داوای هەڵگرتنی ئەم گەمارۆیانە دەکات وەک مەرجێک بۆ هاوکاری لە بواری نەوتدا.
دووەم: هێرشەکانی میلیشیا. لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین جار هێرش کراوەتە سەر بۆری و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، هەروەها هێرش بۆ سەر بازرگانان و هاووڵاتیانی کوردستان کراوە. هەرێم داوای ڕاگرتنی ئەم هێرشانە دەکات و دەڵێت ناتوانێت لە ژێر هەڕەشەی ئەمنیدا هاوکاری ئابوری بکات.
سێیەم: جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکان. هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت و مافەکانی کوردستان ڕێزیان لێ بگیرێت. ئەمە تەنها بۆ نەوت نییە، بەڵکو بۆ مووچە، سنوورەکان، نەوت و غاز، و دەسەڵاتە هاوبەشەکانی تر.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە چاودێری ئەمریکا لە نێوان شاندی هەولێر و بەغدا بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە دوای پەیامێکی سەرۆک بارزانی هات کە تێیدا جەختی لەسەر پێویستی چارەسەری کێشەکان کردبووەوە. کۆبوونەوەکە باس لە چوار تەوەری سەرەکی کرد: هەناردەکردنەوەی نەوت، چارەسەری کێشە ئابوورییەکان (مووچە و گومرگ و سیستەمی ئەسیکودا)، و پێدانی دۆلار بە بازرگانانی کوردستان.
عێراق ئێستا لە خاڵێکی گرنگی مێژووییدا وەستاوە لە لایەکەوە، پێویستی بە هاوکاری هەرێمی کوردستان هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوت و ڕزگاربوون لە قەیرانی ئابوری لە لایەکی ترەوە کێشە کۆنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هێشتا ماونەتەوە و چارەسەر نەکراون. ڕاستییەکە ئەوەیە: ئەو گەمارۆیانەی کە بەغدا بەسەر کوردستاندانی سەپاندووە لە ڕاستیدا گەمارۆدانن بە خودی عێراق. تا کاتێک کوردستان لە گەمارۆکان ڕزگار نەبێت، عێراقیش لە قەیرانەکان ڕزگار نابێت. تا کاتێک مافە دەستوورییەکانی کوردستان جێبەجێ نەکرێن و ڕێزیان لێ نەگیرێت، عێراق ناتوانێت بە تەواوی لە سەرچاوە سروشتییەکانی سوود وەربگرێت. ڕێککەوتنی ئێستا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆریی کوردستانەوە، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ هەردوولا ئەم دەرفەتە دەتوانێت ببێتە رێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆنەکان و پتەوکردندی پەیوەندییەکان. بەڵام ئەمە تەنها بە ڕێککەوتنێکی کاغەزی نابێت پێویستی بە ویستی ڕاستەقینە و جێبەجێکردنی بەرپرسیارانەی هەردووک لا هەیە. داهاتووی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و داهاتووی ئابووری عێراق و کوردستان، پەیوەستە بەوە کە ئایا هەردوولا دەتوانن لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن و بەرەو چارەسەری ڕاستەقینە بڕۆن یان دەگەڕێنەوە بۆ بازنەی کێشە و ناکۆکییە کۆنەکان و قەیرانەکان.