لە ڕووداوێکدا کەسێک دەستڕێژی گوللە لە باوک و براکەی دەکات

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: تۆمەتبارێک بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە تەقەی لە باوک و براکەی خۆی کردووە، باوکەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و برایەکەش بریندارە.

ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “لە درەنگانی شەو کاتژمێر 1:30ی شەو ئاگادارکرانەوە لە ڕووداوێکی کوشتن، دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیس لە بەشی پۆلیسی بنەسڵاوە (بنکەی پۆلیسی کەسنەزان) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە تۆمەتبارێک بە ناوی (م. س. م) بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە تەقەی لە باوکی خۆی بە ناوی (سفیر مراد سابیر) کردووە ، لەڕووداوەکەدا باوکی دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. پاشان تۆمەتبارەکە تەقەی لە برایەکی خۆی بە ناوی (میران سفیر مراد) کردووە و برینداری کردووە، کە ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.”

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ئاماژەی بەوەش کردووە، تيمەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا توانییان تۆمەتباری ناوبراو دەستگیربکەن. لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن بۆ گرتنەبەری ڕێکارە ياساييەکان.