لە گۆڕستانێک 21 کۆرپەلە لە ناو بەرمیل دۆزرانەوە

لە روهای باکووری کوردستان و لە گۆڕستانێکی شارەکە 21 کۆرپەلە لەناو بەرمیلێکی خۆڵ و خاشاکدا دۆزرانەوە، گومانەکان بۆ ئەوە دەچن ئەو کۆرپەلانە لەباربران، یان لەبارچووبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئایاری 2026 پارێزگای روها ڕایگەیاند: “دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر هه‌بوونی چەند کۆرپەلە و پاشماوەی پزیشکی بە شێوازێکی نەشیاو لە گۆڕستانی نوێ لە قەزای “خەلیلیە”، تیمە پسپۆڕەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بۆ ڕوونکردنەوەی تەواوی دۆخەکە و دەستنیشانکردنی لایەنە بەرپرسیارەکان، دۆسیەکە گواستراوەتەوە بۆ دادگا، پارێزگاریشمان بە وردی لەسەر ئاستی کارگێڕی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکات.”

پۆلیس ناوچەکەی گەمارۆ داوە و کۆرپەلەکان بۆ پشکنینی ورد ڕەوانەی دادپزیشکی کراون. هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە کەمتەرخەم بوون لە کارەکەدا دەستیپێکردووە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون لە لایەک و هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە لایەکی دیکەوە، شاری روها  لە ئامارەکانی گیانلەدەستدانی کۆرپەلە ریزبەندی یەکەمی پارێزگاکانی تورکیای گرتووە.