بەراورد بە پێش جەنگ نرخی تیکتی گەشت لە هەرێمی کوردستان لەبەرزبوونەوەدایە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش؛ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی فڕۆکەیە، کە گاڵۆنێکی گەیشتووەتە حەوت دۆلار.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026 عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی ڕایگەیاند: “پێش جەنگ تیکتی فڕۆکە لە سلێمانییەوە بۆ ئیسپانیا بە ترانزێت بە 450 دۆلار بوو، ئێستا بە 650 دۆلارە. تیکتی هاتن و چوونی تورکیا بە 150 دۆلار بوو، ئێستا بە 560 دۆلارە.”
عەتا ئەنوەر، ئاماژەی بەوەش کرد، “جەنگ و دۆخی ناوچەکە هۆکاری سەرەکییە، چونکە بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، هەروەها گەشتیار کەمە و خەڵک گەشت ناکات، فڕۆکەش ناتوانێ لەم دۆخەکەدا بە 5 گەشتیارەوە گەشتەکانی بکات و هێڵەکان کەمبوونەتەوە.”
سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی، باسی لەوەش کرد؛ “بەرەو وەرزی گەشتیاری دەچین، کە ساڵانی ئاسایی لەم کاتەدا نرخ بەرز دەبێتەوە، بۆیە بەهۆی وەرزەکە و دۆخی ناوچەکەش، پێشبینی دەکرێ نرخی تیکتی فڕۆکە زیاتر بەرزبێتەوە.”
بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ماوەیەک گەشتە ئاسمانییەکان لە هەرێمی کوردستان وەستا، ئێستا گەشتەکان بەشێوەیەکی ئاسایی دەستیپێکردووەتەوە.