نێچیرڤان بارزانی: تاوەکو کورد بمێنێت، پێشمەرگە سیمبولی بەرگریکردن دەبێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە 30ەمین ئاهەنگی دەرچوونی خولی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی زاخۆ وتارێکی پێشکەشکرد و نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر یەکنەخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی کە وەک پێویست پرۆسەکە بەڕێوەناچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “پێشمەرگایەتی و پێشمەرگە بوون ئەرکێکی پیرۆزە و تاوەکو کورد بمێنێت، پێشمەرگە سیمبولی بەرگریکردن دەبێت.”

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: “ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ لە شانازییە بۆ هەموو گەلی کوردستان. دەرچوونی ئەم ئەفسەرە گەنجانە نیشانەی دڵسۆزی و وەفاداری و ئامادەیی نەوەی نوێیە بۆ پاراستنی خاک و نیشتمان.”

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، “پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک پێویست بەڕێوەناچێت. گەلی کوردستان ساڵانێکە چاوەڕوانی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەیە. پێویستە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز هەبێت بۆ ئەوەی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو و دوور بێت لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان.”

نێچیرڤان بارزانی، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا لەبارەی پێکهێنای حکومەتی عێراق و کابینەی عەلی زەیدی، گوتی: “پشتیوانی لە کابینەی عەلی زەیدی دەکەین، دەبێت کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و هەموو مافەکانی هەرێمی کوردستان مسوگەر بکرێن.”

کۆلێژی سەربازیی زاخۆ یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی پێگەیاندنی ئەفسەران لە هەرێمی کوردستان و ساڵانە بەسەدان ئەفسەر لەسەر بنەمای زانستی سەربازیی سەردەمیانە پێدەگەیەنێت و بۆ ئەمساڵیش خاوەنی 359 ئەفسەری دەرچوو بووە کە پلەی ملازم وەردەگرن.