ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام لەگەڵ شاندێکی کۆمەڵی دادگەری کۆبوونەوە، بەگوتەی بەرپرسانی شاندی هەردوو حزب، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026 فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: “لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری پێکەوە خەباتی چەکداری و سیاسییمان هەبووە و لەسەر ئەوە کۆک بووین، ئەگەر کەسانێک خۆیان بەبەهێز بزانن، لە بەهێزی ئەوان نییە بەڵکو لە پەرتەوازەیی کوردە. باسمان لەوە کرد، چی بکەین بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین.”
لای خۆیەوە عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری گوتی: “لەگەڵ ئەوەین پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، بەڵام ئێمە بڕیاری خۆمان ناگۆڕین و بەشداری ناکەین.”
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای جەژن پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی سەلاحەدین بەهائەدین کۆدەبنەوە، هەرچەندە هەردوولا کاردانەوەیان بەرانبەر بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی کۆبوونەوەیان دیار نەکردووە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە دوای دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دێت، کە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی شاندێکی بە سەرۆکایەتیی سەلاحەدین موحەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی حیزبەکە پێکهێناوە و لە 17 و 18ی ئایار، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتیی کرد.ئەندامێکی سەرکردایەتیی حیزبەکەش دەڵێت؛ “وەڵامی باشیان هەبووە و چاوەڕێی هەنگاوی کردەیین.”