دوو کەس بە تۆمەتی بڕینی گیرفانی نوێژخوێنان دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە لە مزگەوتەکانی ناوبازاڕی سلێمانی لە ڕەمەزاندا دزییان لە نوێژخوێنان کردووە.

ڕۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: “مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ دوو تۆمەتباریان دەستگیر کرد، کە لە پێش دەستپێکی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە و لەکاتی بەجێهێنانی فەریزە ئاینییەکان گیرفانی نوێژخوێنانیان لەناو مزگەوتەکاندا دەبڕی و دزییان دەکرد.”

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ” ئەو دوو تۆمەتبارە قەرەباڵغی ناو مزگەوتەکان و کاتەکانی نوێژکردنیان بە دەرفەت زانیووە، بۆیە لەناو مزگەوتەکاندا گیرفانی نوێژخوێنانیان بڕیوە.”

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، “ئێستا تۆمەتبارەکان بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، تۆمەتباری یەکەم تۆمەتبارە بە 13 تاوانی دزیکردن و تۆمەتباری دووەمیش فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ و بنکەی پۆلیسی شارەزوور و نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات لەسەر تاوانی دزیکردن.”