پزیشکیک: نابێت بەیانیانی جەژن خواردنی قورس ئامادەبکرێت

پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر دەڵێت: ئەگەر خۆراکی قورس لە ژەمی بەیانیی جەژندا دروستبکرێت، بڕێکی کەمی لێبخورێت و نیوەڕۆکەی قەرەبووی بکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026 د.جەعفەر بارزانی ڕایگەیاند: “ئەگەر ژەمی بەیانیانی جەژن قورس بێت، تەندروست نییە و پێویستە هەر خۆراکە بەیانییانییەکان بخورێن ماست، پەنیر، سەموون و چا.”

د.جەعفەر بارزانی گوتیشی: “زۆرینەی ئەوانەی لەدوای مانگی ڕەمەزاندا دێنە فریاکەوتنەکان بەهۆی زۆرخۆرییەوە دێن و تووشی کێشەکانی هەرس بوونەتەوە.”

ئامادەکردنی خواردنی قورس لە ڕۆژانی جەژن وەک نەریتێکی لێهاتووە، هاووڵاتییان ساڵانە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژن خواردن ئامادە دەکەن.