بەڕێوەبەری تەندروستی ئاکرێ ڕایگەیاند بەهۆی نەبوونی سەنتەرێکی تایبەت بە قەستەرە و نەبوونی پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار کێشەی جیدییان تووشبووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026 د. سەروار موسڵیح، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ ڕایگەیاند: “زۆر پێویستمان بە قەستەرە هەیە لە سنووری ئاکرێ، بەڵام تا ئێستا هیچ سەنتەرێکی قەستەرە نییە و ئەمەش وایکردووە کە 90%ـی حاڵەتە کتوپڕەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن ڕەوانەی دهۆک و هەولێر بکرێن.”
د. سەروار موسڵیح گوتیشی: “سێ ساڵە ڕەزامەندی دراوە لەسەر دروستکردنی سەنتەرێکی قەستەرە لە ئاکرێ، بەڵام تا ئێستا نەبووەتە تەندەر و کار لەسەر دروستکردنی نەکراوە.”
ژمارەی دانیشتووانی قەزای ئاکرێ بە بەردەڕەشیشەوە نزیکەی 400 هەزار کەس دەبێت. دوو نەخۆشخانەی گەورە لە ئاکرێ هەن ‘نەخۆشخانەی گوڵان’ و ‘نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون’.