ڕێکخراو هەنگاو ئاشکرای دەکات، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایانەی پارێزگاکانی ئێران، زیاتر لە 1500 کەس دەستگیرکراون و لە نێویشیاندا 51 منداڵ هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاند؛ نزیکەی 27 کەس لە خۆپیشاندانەکانی دە ڕۆژی ڕابردووی ئێران کوژراون و پێنج لە کوژراوەکان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە.
هەنگاو ئەوەشی بڵاوکردۆتەوە، کوژراوەکان 11 کەسیان کوردن و 12کەسی دیکەش لە نەتەوەی لوڕن.
لەو ڕاپۆرتەی کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردۆتەوە، ئاشکرای دەکات؛ تا ئێستا زیاتر لە 1500 کەس لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە دەستبەسەر کراون. لە کۆی 546 کەسیان کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە، 220 کەسیان کوردن، 51 منداڵ و 57 ژن لەنێو دەستبەسەرکراواندا هەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو کوژراوان بەسەر ئەم شارانەی خوارەوە دابەشبوون:
پارێزگای لوڕستان: 8 حاڵەت – پارێزگای ئیلام: 5 حاڵەت – پارێزگای کرماشان: 4 حاڵەت – پارێزگای فارس: 4 حاڵەت – پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری: 2 حاڵەت – پارێزگای قوم: 2 حاڵەت – پارێزگای هەمەدان: 1حاڵەت – پارێزگای ئیسفەهان: 1 حاڵەت
ماوەی 10 ڕۆژ زیاترە خۆپیشاندان بەشێکی زۆری پارێزگاکانی ئێرانی گرتۆتەوە و ئێستا لە 250 شوێنی جیاواز و 27 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگای ئێران خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت.

