سالم جاسم
دوو دەیە تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی سیستەمی سیاسیی عێراقی نوێ [دوای ساڵی ٢٠٠٣]. لە سەرەتادا هەلێکی بێ وێنە هەبوو بۆ دروستکردنی عێراقێکی دیموکراسی و هاوسەنگ کە تێیدا سێ پێکهاتە سەرەکییەکە هاوبەشبن لە حکومڕانیدا و بەرژەوەندیی هاوبەش لەسەرووی بەرژەوەندیی تاکەکەسی و حیزبییەوە بێت. سیستەمی موحاسەسە کە لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان دروستکرا، دەیویست هەموو پێکهاتەکان ڕۆڵی خۆیان هەبێت و کەس نەتوانێت بە تەنیا سیاسەتی عێراق دیاریبکات. بەڵام ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە بە ڕوونی بڵێین کە ئەو خەونە هێشتا بەدی نەهاتووە و سیستەمەکە دوور کەوتووەتەوە لە ئامانجە سەرەتایییەکانی.
سوننەکان لە سەرەتادا کەوتنە هەڵەیەکی مێژوویییەوە کە تا ئێستاش باجی ئەو هەڵەیەیان دەدەن. بەوپێیەی پێشتر عێراق بە تەواوی لەدەستیاندا بوو، نەیانتوانی دان بە کۆتایی هاتنی سەردەمی دەستەڵاتی تاکلایەنەی خۆیاندا بنێنن و ببنە بەشێک لە پرۆسەیەکی دیموکراسیی نوێ. سوننەکان بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان نەکرد و بە کردەیی خۆیان لە پرۆسەی سیاسی دەرکرد. وێڕای ئەو هەڵە کارەساتبارە، هاوکات نەیانتوانی سەرکردایەتییەکی ڕاستەقینەش دروستبکەن کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سوننە بکات وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی عێراق. هاتنی داعش فاکتەرێکی دیکەی لاوازبوونی سوننە بوو. ئێستا ئەگەرچی سوننەکان لە عێراقدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە، بەڵام ئەم پۆستە تەنها ناوێکە بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی هەبێت و بتوانێت شتێک بۆ سوننە یەکلایی بکاتەوە.
کورد لەو ماوەیەدا وێڕای ئەوەی مێژوویەکی جیاوازتری لە سوننە هەیە، بەڵام ئەنجامەکەی هەمان شتە. کورد لە سەرەتای عێراقی نوێدا توانی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ بگێڕێت، بەتایبەتی لە سەردەمی مام جەلال کە سەرۆککۆمار بوو. هەم قسەی لێ وەردەگیرا و هەمیش توانای چارەسەریی کێشەکانی هەبوو. هۆکاری سەرەکیی ئەو کاریگەرییە یەکڕیزیی کورد بوو، ئەگەر تاڵەبانی لە بەغدا بڕیاری کشانەوەی دابا، بارزانی لە هەولێر پشتیوانیی دەکرد و بە پێچەوانەشەوە. ئەمە واتای ئەوە بوو کە کورد یەکڕیز بوو و وەکو پێکهاتەیەکی گرنگ لەناو پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا مامەڵەی دەکرد. بۆیە ئەمە کۆڵەکەیەکی بەهێزبوو بۆ کاریگەربوونی پۆستی سەرۆککۆمار لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا.
بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخ چۆنە؟ ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەندێکجار دەگاتە ڕادەیەک بۆنی دوو ئیدارەییی هەرێمی لێدێت. بە پاکێجێکی هاوبەش لەپێناو بەرژەوەندیی هەرێم لە بەغدا نین، بەڵکو وەکو حیزب لەوێن. بێگومان ئەم ململانێیانە وێنای ئەوەیان کردووە کە چیتر کورد یەک دەنگ و یەکڕیز نییە، ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر، چونکە دەنگی حیزب لە بەغدا نابیسترێت. سەرۆککۆمار کە پشکی کوردە، تەنها ناوێکە و هیچ ڕۆڵ و کاریگەریی ڕاستەقینەی نییە. هەرێمیش لە جیاتی ئەوەی وەک هەرێمێکی فیدراڵیی بەهێز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، کەچی وەک پارێزگایەکی ئاساییی عێراق دەبینرێت. ئەم دابەزینە لە پێگەدا تەنها دەرئەنجامی یەک شتە و ئەویش پەرتەوازەیی و لێکترازانی کوردە.
شیعەکان بۆ دەیان ساڵ قوربانیی ژێر دەستی دەستەڵاتی سوننەکان بوون، بەتایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس. بۆیە کاتێک دەستەڵاتیان بەدەستهێنا، ترسێکی گەورەیان هەبوو لەوەی مێژوو دووبارە ببێتەوە. ئەم ترسە وایلێکردن کە سەرنج نەدەنە بنیاتنانی سیستەمێکی هاوسەنگ، بەڵکو بیریان لەوە کردەوە چۆن دەستەڵاتیان لە دەست نەچێت. هەروەها شیعەکان ئەزموونی حکومڕانییان نەبوو، بۆیە دوای گەیشتن بە دەستەڵات زۆر لە لایەنەکان بیریان لە بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی کردەوە نەک بەرژەوەندیی نیشتمانی. بەتایبەتی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە وابەستەیی زۆریان بە ئێرانەوە هەیە و بە زەبری هێز کاریگەریی خۆیانیان لە عێراق چەسپاندبوو، ئەمەش واتای ئەوە بوو کە سیاسەتی عێراق لە زۆر کاتدا بەپێی ویستی دەرەوە دەڕۆیشت نەک بەپێی بەرژەوەندیی ناوخۆیی.
ترسی شیعە لە گەڕانەوەی مێژوو وایکرد سەرنجیان بدەنە جێگیرکردنی دەستەڵات. لاوازیی سوننە و نەبوونی سەرکردایەتیی ڕاستەقینە وایکرد ئەو پێکهاتەیە نەتوانێت خۆی بپارێزێت. پەرتەوازەیی کورد وایکرد چیتر دەنگی ئەوان لە بەغدا نەبیسترێت و کاریگەریی نەمێنێت. ئەنجامەکە ئەوە بوو کە سیستەمێک کە بۆ هاوبەشی دامەزرابوو، بووە سیستەمێک کە تێیدا لایەنێکی دیاریکراو کاریگەریی زیاتربوو و لایەنەکانی دیکە تەنها ناویان هەبێت بەبێ کاریگەری. سەرنج بدەن کورد کە گەورەترین پۆستی عێراقی بەدەستەوەیە بەڵام زۆرترین ناکۆکیی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی هەیە. سوننە سەرۆکی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە بەڵام ناتوانن یاسایەک تێبپەڕێنن لە بەرژەوەندیی خۆیان.
پێویستە کورد و سوننە تێبگەن کە سەرچاوەی کێشەکە لە خۆیانەوە هەڵقوڵاوە. کورد پێویستە لەنێو خۆیدا بسازێت و ململانێی نێوخۆیی کۆتاییپێبهێنێت. لایەنە سیاسییەکان پێویستە ستراتیژیەکی هاوبەشیان بۆ کوردستان هەبێت و لە بەغدا بە یەک دەنگ قسە بکەن. بەم پێیەش هەم دەتوانن کاریگەری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بگەڕێننەوە و هەمیش نوێنەرایەتیی هەرێم بکەن لە بەغدا. سوننەش پێویستە سەرکردایەتییەکی نوێ دروست بکات. نەوەیەکی نوێ بێتە پێشەوە کە بیر لە داهاتوو بکاتەوە نەک ڕابردوو، نەوەیەک کە باوەڕی بە عێراقی تازە هەبێت، نەک لەنێو وەهمی مێژوودا بژیێت. پشتبەستن بە هێزی دەرەکیی سوننە، هیچ خزمەتێک پێشکەش بە سوننەی عێراق ناکات، چونکە هیچ لایەنێکی دەرەکی لە خەمی بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی سوننەی عێراق نییە.
دوای ڕێکخستنەوەی نێوخۆیی، پێویستە کورد و سوننە بە شێوەیەکی ستراتیژی پاڵپشتی لەیەکدی بکەن. ئەمە واتای دروستکردنی بلۆکێک نییە دژی پێکهاتەی شیعە، بەڵکو هەوڵێکە لە پێناو پاراستنی دەستوور و گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سەر ڕێی ڕاستەقینەی خۆی. پێویستە لە دانوستانی پێکهێنانی کابینەی نوێدا، داوا بکەن دەستوور جێبەجێبکرێت، بەتایبەتی ئەو بڕگانەی کە باس لە مافەکانی هەرێم و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکانی داهات دەکەن. هەروەها هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی حکومەت سنوردار بکرێن و تەنها هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت مافی بەکارهێنانی چەکیان هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی دەرەوەی عێراق سەربەخۆ بێت و لەژێر کاریگەری هیچ وڵاتێکی دەرەکی نەبێت.
ئەگەر ئەم داواکاریانە جێبەجێنەکران، کورد و سوننە دەتوانن لە پەرلەماندا ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بگێڕن، ڕێگری لە تێپەڕاندنی یاساکان بکەن کە لە دژی بەرژەوەندیی عێراقن، مافی ڤیتۆی سەرۆککۆمار بەکاربهێنن، و لە دۆخی پێویستدا کارتی بایکۆتیش بەکاربێنن.
لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم؛ ئەمە بانگەواز نییە بۆ دابەشکردنی عێراق و دروستکردنی دوژمنایەتی نێوان پێکهاتەکان، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ڕاستکردنەوەی سیستەمی حکومڕانیی عێراق. دەبێت عێراق بۆ هەمووان بێت و هەمووانیش خۆیان تێیدا ببیننەوە. کورد و سوننە نزیکەی چل لە سەدی دانیشتوانی عێراقن، خاوەنی سەرچاوە و سامانی زۆرن، مێژوویەکی درێژ و شارستانییەتێکی دەوڵەمەندیان هەیە. بەڵام لەبەر دابەشبوون و پەرتەوازەیی، کاریگەرییان لەوە کەمترە کە پێویستە هەبێت. عێراقێکی هاوسەنگ و بەهێز سوودی هەمووانی تێدایە، چونکە کاتێک یەک لایەن دەستەڵاتی بەدەستەوە دەبێت، گەندەڵی بەرفراوان دەبێت و بەرپرسیارێتی نامێنێت و مەترسیی دەرەوە زیاد دەکات. دەبێت هەمووان پێکەوە عێراقێک بنیات بنێن کە هەمووان بە یەکسانی ڕۆڵیان تێیدا هەبێت.

