بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی: ڕۆژی سێی ئەم مانگە یەکەم گەشتی ئاسمانیی تورکیا دەگاتە سلێمانی.
دوێنێ شەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2025، دانا موحەممەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند: “سبەی یەکشەممە یەکەم گەشتی ئاسمانی لە نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا دەستپێدەکاتەوە، بڕیارە کاتژمێر 01:10ی بەرەبەیانی 3ی مانگ یەکەم گەشتی فڕۆکەی تورکیش ئێرلاین بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی.”
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا هەفتانە چوار ڕۆژ گەشتەکان لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا بەڕێوەدەچن بەپێی پلانی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین.
بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، تورکیا لە 3ی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست.
دوای نزیکەی دوو ساڵ، ڕۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025 لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ڕەزامەندی و ڕاسپاردەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.

