لەو شارەی کوردستان 7 هەزار کەس دادەمەزرێت

لە پارێزگای کەرکووک بڕیاری دامەزراندنی 7 هەزار کەس بەشێوەی گرێبەست دەدرێت و پارێزگاریش دەڵێت: هیچ کەسێک ناتوانێت دەستوەردان لە دامەزراندنەکە دا بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی ئۆکتۆبەری 2025، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، سێشەممەی داهاتوو لینکی دامەزراندنەکە کارا دەبێت و دامەزراندنەکە لە ڕێگەی لینکێکی ئەلیکترۆنییە و سەر بە پارێزگایە.

ڕێبوار تەها ئەوەشی ڕاگەیاند؛ “هیچ کەسیک ناتوانێت دەستوەردان لە دامەزراندنەکە دا بکات و هەموو وردەکارییەکانی دامەزراندن دیاریکراون و بە گوێرەی کێبڕکێ دەبێت.”

داڵ میدیا زانیویەتی، ئەو دامەزراندنە، پشکی کەرکووکە لەو 150 هەزار گرێبەستەی کە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق دادەمەزرێن و 7 هەزار و 304 کەسیان بەر پارێزگای کەرکووک کەوتووە.

هەروەها ئەو ژمارە کەسەی لە پارێزگای کەرکووک بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن لە هەموو کەرتە حکومەیەکان جگە لە کەرتی پەروەردە.