گەلی كشتوكاڵ

کوردۆ شابان

كتێبی “شوق المستهام في معرفة رموز الأقلام” ساڵی 241ی كۆچی (855ی ز) نووسراوە، ڕۆژهەڵاتناسێكی نەمساوی بەناوی جۆزێف هامەر لە ساڵی 1801 لە مۆزەخانەی بریتانی دەری دەهێنێت و چاپی دەكاتەوە. لەو كتێبەدا نووسەر باس لەوە دەكات، 30 كتێبی كوردیی جۆراوجۆری خوێندووەتەوە. (واتە پێش زیاتر لە 1200 ساڵ بەلای كەمەوە ئەوەندە كتێبە بە كوردی هەبووە) ئەو، دوو لەو كتێبانەی كردووە بە عەرەبی، چونكە باسی هونەری كشتوكاڵییە و پێی وا بووە لەو هونەرەدا كەس هێندەی كوردی لێ نازانێت.

ئەمە دەقێكی ناو كتێبەكەیە:

كلدانییەكان شارەزاترین گەل بوون لە زانست و دانایی و پیشەسازیدا، كوردەكان یەكەم كەس بوون هەوڵیان دەدا لاسایییان بكەنەوە و لەو زانستانەدا ڕكەبەرییان بكەن، بەڵام هەرگیز ئەو ڕكەبەرییەیان پێ نەكرا. كوردەكان زۆرتر لە هونەری كشتوكاڵیدا پێشەنگن و كەس لەو بوارەدا لەوان باشتری لێ نازانێت. دەگوترێت ئەوانە نەوەی بنووشادن، ئەو كوڕەی ئادەم كە لەوانی تر خۆی جیا كردەوە و ڕێی كشتوكاڵی گرتە بەر. هەروەها كورد تاكە میللەتن جگە لە كلدان تەواو شارەزای “الأسفار السبعة”ـن. (مەبەستی لە كۆنترین دەستنووسەكانی پەرتووكی پیرۆزە.) شەڕ و ململانێیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.

هەر لەو كتێبەدا كە هەزار و دوو سەت ساڵ پێش ئێستە نووسراوە، وێنەی نووسینێكی كوردی داناوە و تێیدا دەڵێت، هەزاران ساڵە ئەمە نووسینی كوردی بووە و بۆ سەردەمی نەوەكانی ئادەم دەگەڕێتەوە.

نووسەری كتێبەكە خۆی كلدانی بووە و بووەتە موسڵمان، بۆیە وێڕای ئەوەی باسی كوردی نەشاردووەتەوە، بەڵام بە ڕقیشەوە لەسەری نووسیوە.

لەو فیلمە دوكۆمێنتارییەی لەسەر شانەدەر دروست كرا كە بەرهەمی ساڵانێكی زۆری ماندبووبوون بوو، تێیدا ڕوونتر بووەوە، وەک چۆن پێشتریش هەر ڕوون بوو، ئەم خاكەی ئێمە یەكەم كشتوكاڵی تێدا كراوە. ئەمە تەنیا گەڕان نییە بۆ جێگرەوەی ئاژەڵ بۆ خۆراک، بەڵكوو زۆر مانای قووڵتر لەخۆی دەگرێت، لەوانە: سوودوەرگرتن لە بەپیتیی ئەو خاكەی تێیدان، هەرەوەز و هێزی كۆمەڵ، بیركردنەوە و پلانداڕشتن و زۆر شتی تر.

كاتێک دەبینین ئەم هەموو خاكەی ئێمە لەم باشوورەدا، لەجێی كشتوكاڵ و سوودوەرگرتن لە بەروبوومی، كراونەتە ڤێلا (مەزرەعە)ی بەرپرسان، یان كراونەتە پرۆژەی نیشتەجێبوون و شارەكان شیتەڵ كراون و گوندەكان لەجێی ئەوەی بەرهەمی خۆراكی و ئاژەڵداریی شارەكان دابین بكەن، ئاوی ژێرزەوییەكەی بەهۆی بیری سووری بۆ مەلەوانگەی بەرپرسان خەسار دەبێت و بە جۆران ژەهر و دەرمان زەوییەكەی دەكوژن و هیچ ئاژەڵ و خشكۆک و گژوگیایەکی تێدا ناهێڵن، مرۆڤ خەمێكی زۆر گەورە دەیگرێت. هەڵبەت مرۆڤێک خەمی نیشتمان، خەمی قووڵی بێت.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە بەراورد بە ساڵانێكی پێشتر، تا ڕادەیەک لەلایەن حوكوومەتەوە بایەخ بە كەرتی كشتوكاڵ درا، چەند جۆر میوە، هەنگوین و زەیتی زەیتوونی كوردستان وەبەرهێنانیان تێدا كرا و هانی جووتیاران درا بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، ئەمەش ئەگەر هەنگاوێكی كاتی نەبێت و ستراتیجی باڵا بێت، تا ئەو ڕادەیەی سەرەتا لە هیچ بەروبوومێكی كشتوكاڵیدا پێویستیمان بە هاوردە نەبێت و لە قۆناغی دواتریشدا لە تەواوی ئەو بەروبوومانە بەشی هەناردەمان هەبێت، واتە كاری گەورە كراوە. خاكی ئێمە پێش ئەوەی خاكی نەوت بێت، پێش ئەوەی لە ڕووی جیۆپۆڵەتیكەوە گرینگ بێت، لە ڕووی كشتوكاڵییەوە سامانێكی گەورەی نەبڕاوەیە.