سالح هەرکی
دەیان ساڵ لەمەوبەر، بۆ ناردنی ڕاپۆرتێکی ته‌له‌ڤزیۆنیی سێ خولەکی لە بەغداوە بۆ هەولێر، ، له رێگه‌ی مانگی دەستکرد. دەبوایه به‌لایكه‌م، 17 دۆلار سه‌رف كرابا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یان لایه‌نی كه‌می تێچووی راپۆرتێك بوو، به‌بێ ئه‌ژمار كردنی تێچووی كۆمه‌ڵێك ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی تایبه‌ت، كه دبوایه بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌یامه‌كه، به‌كار هێندرابان و ئه‌مه‌شیان خۆی مه‌سره‌فێكی زۆری هه‌بوو. خۆئه‌گه‌ر باری له ناكاو بایه و ناچار به به‌كرێ گرتنی سه‌ته‌لایت بای، ئه‌وه هه‌ر ئه‌م راپۆرته، سه‌دان دۆلار له‌سه‌ر ده‌زگای راگه‌یاندن ده‌كه‌وت. بۆیه، میدیاکان وردبین بوون، لە هەڵبژاردنی ئەو هه‌واڵ و رووداو و بابه‌تانه‌ی کە شایەنی ڕووماڵ کردن بوون.
پەیامنێرەکان پیشەیی بوون، هەواڵەکان بە وردی ئامادە ده‌کران چونكه، چركه به چركه، دۆلاری تێده‌چوو. كه‌واته، به‌رپه‌یامه‌كان واته (بینه‌ر و بیسه‌ر و خوێنه‌ره‌كان)، دەیانتوانی متمانە بەو هه‌واڵ و ده‌نگوباسانه بکەن کە پێیاندهگهییشت.
ئێستا بەهۆی ئینتەرنێت و مۆبایلە زیرەکەکانەوە، هەمان ئەو ڕاپۆرتە سێ خولەکییە، تەنها ٣٠ سەنتی تێده‌چێت. هەر کەسێک مۆبایلی هەبێت دەتوانێت ببێتە هەواڵنێر. ستۆدیۆکانیش دەتوانن لە چاوتروکانێکدا ناوەڕۆکی هه‌واڵه‌كان پەخش بکەن. ئەم گۆڕانکارییە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه جیهانی میدیای گه‌یاندووه‌ته قۆناغێكی نوێ، بەڵام هه‌میشه مه‌رج نییه كه گۆڕانكاری و نوێگه‌ری، ته‌نیا سوودی هه‌بێت، به‌ڵكو گه‌لێجار، لایه‌نی خراپ و ناقولاشی لێ به‌رهه‌مدێت، كه زیان به هه‌موو پڕۆسه‌كه ده‌گه‌یێنێت.
ئێستا، ساڵی 2025 ، ته‌كنه‌لۆژیا، دەرگای كاری میدیایی، بەڕووی هەموو لایەکدا کردۆتەوە و چیتر پێویست ناکات، تۆڕێکی گەورەت هه‌بێت و بوودجەیەکی زه‌به‌لاح بخه‌یته كار، بۆ ئه‌وه‌ی حیسابت بۆ بكرێت. بەهاری عەرەبی ساڵی 2011 بیننه‌وه بیرتان، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە خەڵکی ئاسایی، بە مۆبایلەکانیان تۆماریان کردبوو، لە رووداوه‌كانی توونس و قاهیرە، جیهانی هەژاند. با دوور نه‌ڕۆین، ئه‌و وێنه و كورته فیلمانه‌ی له شه‌ڕی 12 رۆژه‌ی ئێران و ئیسرائیل، له هه‌ردوو وڵات، له لایه‌ن خه‌ڵكی بڵاو كرانه‌وه، به باشی پێشانیان دا، كه کە چۆن تەکنەلۆژیا، مرۆڤی ئاساییی بەهێز کردووە، بۆ ئەوەی ده‌نگیان و په‌یامه‌كانیان، لەگەڵ جیهاندا ببهشێنن.
ئەم به هه‌مووانی بوونه‌ی میدیا، دەرفەتی بێوێنەی ڕەخساندووە، بۆ چالاکڤانهكانی مافی مرۆڤ، لە ناوچە دوورە دەستەکان بگره، تا دەگاتە ئەو گرووپە کەمینانەی، کە پێشتر هه‌رگیز، لە میدیای تەقلیدیدا، بایه‌خیان پێ نه‌ده‌درا، ئه‌مانه ئێستا دەتوانن ڕاستەوخۆ لەگەڵ بهرپهیامهكانیان له هه‌موو جیهان ئاڵوگۆڕی زانیاری بكه‌ن. ئه‌رێ به‌ڕاستی ئەمە شۆڕشێکی ڕاستەقینە نییه؟
بەڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا باسمان كردووه، ته‌نیا دیوێکی حیكایه‌ته‌كه‌ی ئه‌م شۆڕشه‌یه، له راستیدا، دیوهكهیتر، به‌م جوانییه نییه. ناشیرینیهكهشی دیسان بۆ دۆلاره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
کاتێک تێچووی بەرهەمهێنانی هەواڵ، لە سفر نزیک دەبێتەوە، چیتر پێویست ناکات، خۆت منه‌تباری ڕۆژنامەنووسێکی پیشەیی بكه‌یت. بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرت، بۆ پڕکردنەوەی فەزای بێ‌کۆتایی ئینتەرنێت، بۆ گه‌یاندنی به په‌له‌ی رووداوه‌كان، ده‌كرێت به نرخێكی كه‌م و ماندووبوونێكی كه‌متر، کەسانی بێئەزموون و نه‌شاره‌زا، به‌كار بێنی. ئه‌مانه ته‌نیا له شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن ده‌ربچن، مه‌منوونن. ده‌زگای راگه‌یاندنیش، به‌هۆی ئه‌رزانیی په‌یوه‌ندی، نه خه‌می كاتیه‌تی و نه خه‌فه‌تی زمان. په‌یامنێر و بێژه‌ر، هه‌ر چۆنێك بێت، په‌یامه‌كه‌ی ده‌گه‌یێنێت و ده‌زگای میدیاییش، دۆلاری كه‌متر ده‌دات و ئه‌مه‌شیان واته (نووری عه‌لا نوور).
به‌ڵام ئەنجامەکە؟ سه‌رلێشێواوی جه‌ماوه‌ر، بزربوونی راستییه‌كان و زانیارییی هه‌ڵه و بێ سه‌رچاوه. تێكدانی زمان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێسا و شێوازه زانستییه‌كانی گه‌یاندنی زانیاری و …. ئەمەش واته، نه‌مانی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر و به‌رپه‌یامه‌كان. کاتێک ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەیان هەواڵی دژبەیەک دەبیتەوە، ناهه‌ق نیت ئه‌گه‌ر گومان له هه‌موو شتێك بكه‌یت.
له راستیدا، بۆ ئەوانەی بەدووای هەواڵی دروست و متمانەپێکراودا دەگەڕێن، ئەم بارودۆخه، دۆزه‌خێكی ترسناكه. سەردەمانێک جه‌ماوه‌ر، كۆمه‌ڵه هەواڵێکی گرنگیان لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە، ده‌ستده‌كه‌وت و بە ئاسانی دەیانتوانی بڕیار بدەن كامه‌یان گرینگ و راستن، بەڵام ئێستا نازانن گوێ له كێ بگرن و بڕوا به كێ بكه‌ن. نازانن ئه‌وه‌ی ده‌یبیستن، هه‌واڵه یا نوكته، زانسته یا ئایین، هونه‌ره یا وه‌رزش. ترافیكه یا كه‌شوهه‌وا. ئەمەشیان، مەترسییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگایەک کە پێویستی بە زانیاری دروست هەیە تاكو بڕیار بدات.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: چاره‌مان چییه؟
من پێموایه، ده‌كرێت تا راده‌یه‌ك، له گرفته‌كانی ئه‌م دیارده‌یه، كه‌م بكه‌ینه‌وه. ئه‌ویش به‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه:
1- گه‌ڕانه‌وه بۆ پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی كاری راگه‌یاندن. ئه‌ویش له رێگه‌ی په‌روه‌رده كردنی كادیری چالاك و چه‌كدار به زانیاری و شاره‌زا له زانست و هونه‌ری راگه‌یاندن. هه‌واڵ و بێژه‌ری و ریپۆرته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و پێشكه‌شكار و نووسه‌ر و …هتد، هه‌ر هه‌موویان، پێویسته كۆمه‌ڵێك مه‌رجیان هه‌بێت. پێویسته له دامه‌زراندنی ئه‌م كه‌سانه، مه‌رجه زانستییه‌كان ره‌چاو بكرێن. ته‌نانه‌ت به‌رنامه جۆراوجۆره‌كانیش، شێواز و چوارچێوه‌ی زانستی‌یان بۆ پێناسه كراوه و پێویسته له چوارچێوه‌كه ده‌رنه‌چن. هه‌روه‌ها پێویسته هێڵه سووره‌كانی میدیا، بۆ میدیاكاران و جه‌ماوه‌ر، دیار و ئاشكرا بن.
2- په‌روه‌رده كردنی به‌رپه‌یامه‌كان. واته ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی په‌یامه‌كانی ده‌زگای راگه‌یاندنی ئاراسته ده‌كرێت. من پێموایه له قوتابخانه‌وه، ده‌بێت جه‌ماوه‌ر فێر بكرێت، كه بڕوا به هه‌ر ده‌زگا و هه‌واڵ و په‌یامێك نه‌كات. پێویسته خه‌ڵك فێر بكرێن كه چۆن زانیارییه‌كان پشڕاست بكه‌نه‌وه و كاردانه‌وه‌ی به‌جێیان هه‌بێت، له هه‌مبه‌ر زانیاریی چه‌واشه‌كارانه.
3- به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا و ئامرازه‌كانی ژێداڵ.( پێشنیار ده‌كه‌م، به ژیریی ده‌ستكرد بڵێین، ژ.د. و بنووسین ژێداڵ). ژێداڵ ده‌توانێت زانیارییه‌كان فیلته‌ر بكات و تا راده‌یه‌كی باش، راست له درۆ جودا بكاته‌وه.
له كۆتایی، ده‌ڵێم كه ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، ده‌توانن رێ‌نوێن و شاره‌زایه‌كی باش بن، له‌م سه‌رده‌مه قه‌ره‌باڵغه‌دا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وریا نه‌بین، هه‌موومان تووشی سه‌رلێشێواوی و واق وڕمان ده‌بین و ئه‌نجامه‌كه، ونبوونه له پێچ و پهناكاندا. راسته تەکنەلۆژیا هێزی ئەوەی پێبەخشیوین، کە بابه‌ته‌كانمان لەگەڵ جیهاندا باس بکەین، بەڵام بەبێ بەرپرسیارێتی و خەمخۆری، ره‌نگه له لافاوی زانیارییدا بخنكێین.
میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت خۆمان ، وەک بینه‌ر و بیسه‌ر و خوێنه‌ر، دەبێت هاوكاری یه‌كتر بین، بۆ ئەوەی ئەم ئامرازە بەهێزە بە شێوەیەکی دروست بەکاربێنین. تا كو له جیاتی خنكان، فێربین چۆن بگەینە کەناری زانیاری راست و سه‌رده‌میانه و بەنرخ.
له‌گه‌ڵ رێزم بۆ هه‌مووان.