حەمەسەعید حەسەن
سوسێر ده‌ڵێت: (مانا شتێک نییه، به هۆی زمانه‌وه ده‌ری ببڕین، مانا شتێکه زمان به‌رهه‌می ده‌هێنێت.) که‌واته هه‌ندێک مانا له‌کن مه نییه، تا بچین به‌رگی زمانیان له‌به‌ر بکه‌ین، به‌ڵکوو مانا، زاده‌ی زمانه و هه‌ر به هۆی زمانه‌وه له دنیا تێده‌گه‌ین. ئه‌وه‌ی کولتوورێک، یان شێوازی ژیانی گرووپێک نیشان ده‌دات، زمانه. ته‌نانه‌ت ئینسان به هۆی زمانه‌وه ده‌توانێت له واقیعێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریکراودا بژی. ئه‌وه وه‌همه، ئه‌گه‌ر پێمان وا بێت، زمان هۆکارێکه بۆ له یه‌کدی گه‌یشتن و هیچی دیکه. ئه‌وه‌ی وا ده‌کات، فڵانه نووسینیش شیعر بێت، زمانه. شاعیری گه‌وره، نه‌ک هه‌ر به‌سه‌ر زماندا زاڵ ده‌بێت، به‌ڵکوو داهێنانیشی تێدا ده‌کات، جۆنسان هۆپ ده‌ڵێت: شه‌کسپیر له (هاملێت)دا، گه‌مه به ڕێزمانی ئینگلیزی ده‌کات، ڕیزبه‌ندیی بکه‌ر، کار و به‌رکار تێک ده‌دات. که له (هه‌نریی پێنجه‌م)دا، ئاوه‌ڵناوی شکۆمه‌ند ده‌داته پاڵ ئه‌سپ، پێشتر له زمانی ئینگلیزی‌دا که‌س شتی وه‌های نه‌گوتبوو.
ئه‌وه سه‌رده‌می به‌سه‌ر چوو که ده‌یانگوت: به‌رهه‌می فڵان شاعیر، ئه‌گه‌ر ناوی خۆیشی پێوه نه‌بێت، به ئاسانی ده‌یناسینه‌وه، ئاخر شاعیری داهێن، به‌رده‌وام ده‌بێت ئه‌زموونی جیاواز پێشکه‌ش بکات، هێنده جیاواز که ناسینه‌وه‌ی کارێکی دژوار بێت و سه‌ره‌تا دژایه‌تیی بکرێت و دواتر هێدی هێدی ددانی پێدا بنرێت. شاعیری داهێنه‌ر ته‌نانه‌ت ده‌بێت، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یش بکات، له ژیانیدا ددان به تواناکانیدا نه‌نرێت و وه‌ک کۆڵۆنێله پیره‌که‌ی مارکیز، هه‌رگیز نامه‌یه‌کی ڕێزلێنانی له هیچ که‌س و لایه‌نێکه‌وه به ده‌ست نه‌گات و به‌و داخه‌وه سه‌ر بنێته‌وه. مارکیز هه‌رچه‌نده هه‌وڵی بۆ دا، به‌ڵام نه‌بوو به شاعیر، وه‌لێ هه‌ر ڕۆمانێکی بگریت له شیعر تژییه، ئه‌وه نییه گوندێک که زاده‌ی خه‌یاڵی خۆیه‌تی، وه‌ک سیحرمان لێ کرابێت، وا هه‌ست ده‌که‌ین گوندێکی ڕاسته‌قینه‌یه و بڕوا به‌وه ده‌که‌ین، دانیشتووانه‌که‌ی توانای فڕینیان هه‌بێت و چی ئه‌فسانه‌مان پێ ده‌فرۆشێت، ئاماده‌ین به نرخی واقیع لێی بکڕین.
جیاوازیی له نێوان شاعیر و شاعیرۆکه‌دا چییه؟ یه‌که‌میان توانای ئه‌وه‌یه هه‌یه، له کورتی بیبڕێته‌وه و له‌ڕێی چه‌ندان جار دڵۆپاندنه‌وه، له چڕترین و پاکژترین فۆرمدا، ئه‌وه‌ی ده‌خوازێت، بیگه‌یه‌نێت، وه‌لێ دووه‌میان هیچ ئاشنایه‌تییه‌کی له هونه‌ری نووسینی شیعردا نییه و شتێکی نه‌ژنه‌فتووگه، ناوی به چڕی نووسین یان کورت‌بڕی بێت. شاعیر بڕوای به که‌ویکردنی شیعر نییه، شیعر له سنووری بازنه‌یه‌کدا قه‌تیس ناکات و له‌گه‌ڵ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دیواری نێوان ژانره‌کاندایه. شاعیر که‌سێکه داهێنه‌ر، ناچاره شتی جیاواز بڵێت، شتی جیاواز بخاته سه‌ر خه‌رمانی شیعر، شتی نوێ بڵێت و له‌گه‌ڵ گوتنی هه‌ر شیعرێکی تازه‌دا، خوێنه‌ر دووچاری سه‌رسوڕمان بکات.
یوسف سائیغ هه‌ر ڕۆشنبیر نه‌بوو، دیارده‌یه‌کی ڕۆشنبیرییش بوو، ئاخر ڕۆماننووس، شاعیر، شێوه‌کار، شانۆنامه‌نووس، ڕه‌خنه‌گری شێوه‌کاری و گوتارنووسیش بوو. ئه‌و ئینسانه فره‌به‌هره‌یه، له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا به‌رده‌وام، خه‌ریکی داهێنان و به‌رهه‌مهێنانی شتی جیاواز بوو. ئایا ئه‌وی له شیعرنووسین به‌ولاوه، له هیچ بوارێکی دیکه‌ی ئه‌ده‌بیدا چالاک نه‌بووبێت، ده‌کرێت خۆی پێ شاعیرێکی مه‌زن بێت؟ هه‌قه ئه‌وانه‌ی له (شیعر)نووسین بترازێت، له هیچی دیکه نازانن، واز له نووسینی (شیعر)یش بهێنن، ئاخر ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن، ته‌نیا خۆیان به شیعری بزانن.