شیعر و ناشیعر

حەمەسەعید حەسەن

شیعر با کێش و سەروایشی هەبێت، دوای وەرگێڕان، هەرچەندە وەک پەخشان دێتە بەرچاومان، بەڵام شیعربوونی خۆی لە کیس نادات. شیعر دەتوانێت دەستبەرداری کێش و سەروا ببێت، بەڵام تا شیعر بمێنێت، پێویستی بە ڕیتم دەبێت. درێژدادڕی بەهێند نەگرتنی ڕیتمە، یان ڕاستتر کوژاندنەوەی ئەو کڵپەیەیە کە شیعر لە ناشیعر جیا دەکاتەوە. ئێستا کە خۆری سنووری نێوان شیعر و پەخشان ئاوا بووە، کڵپەی شیعری لەڕێی دەستگرتن بە وشەوە دابین دەکرێت، ئاخر شیعری پوخت، هەمیشە زادەی کەمترین وشەیە.

دەستگرتن بە وشەوە، شاعیر لە ڕاستەوخۆیی دەپارێزێت، ڕاستەخۆیی خۆی تەنیا لە بڵندکردنەوەی دروشمدا نمایش ناکات، بەرجەستەکردنی هەڵچوون و گرژییە دەروونییەکانی شاعیریش، با لە بوارێکی ناسکی وەک ئەڤینیشدا بێت، هەر ڕاستەخۆیی لێ دەکەوێتەوە و جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان شیعر و نامەی دڵداریدا نامێنێت. شیعر لەوە مەزنترە بکرێتە ئامرازێک بۆ بەبادادانی ئەو خەمە ڕۆژانەیییانەی لە دەروونی شاعیردا پەنگیان خواردووەتەوە. پەنابردنە بەر دەمامک، یەکێکە لەو ڕێگایانەی شاعیر لە ڕاستەوخۆیی دەپارێزێت.

چونکە شاعیر بێجگە لە زمان، هیچی دیکە شک نابات، نامەی شیعریی پێدا بنێرێت، بۆیە ناچارە زمان بکاتە پردێک نەک دیوارێک لەنێوان خۆی و وەرگردا. بەشێکی گرنگ لەوانەی بە نووسینی (شیعر)ەوە سەرقاڵن، لەبری بنیاتنانی پرد، خەریکی ڕۆنانی دیوارن. وەک چۆن ئینسان لە هەموو فەلسەفەیەک پیرۆزترە، هەر وایش شیعر لە هەموو بیرۆکەیەک گرنگترە، بۆیە ئەو شاعیرەی هیچ شتێک نایبەستێتەوە بە خوێنەرەوە، ئەوەی دەینووسیت هەر چییەک بێت شیعر نییە، ئاخر شیعر ئەوە نییە بنووسەکەی بە شیعری بزانێت، ئەوەیە شەیدایانی شیعر دەرگەی ئامێزی دڵیانی بۆ دەکەنەوە.

ئایا هەر کەسێک دەستی دایە نووسینی شیعر، دەتوانێت خۆیمان لێ بکات بە خەیام یان بە تاگوور و بانگەشە بۆ ئەوە بکات، خاوەنی دنیابینیی تایبەت بە خۆیەتی؟ شیعر کە خۆی پرسیارە، ئایا خوێنەر ناچارە لە شیعردا بەدوای وەڵامە مەعریفی و فەلسەفییەکاندا بگەڕێت؟ ئێمە کە لە زۆربەی بوارە مەعریفییەکاندا هەژارین، ئایا خوینەر ناچارە، لە شیعردا بەدوای وەڵامە مەعریفی و فەلسەفییەکاندا بگەڕێت؟ یان لافی ئەوە لێ بدەین، شیعری نوێمان سەرچاوەی مەعریفەیە؟ شیعر لە بۆشاییدا سەرهەڵنادات، دەشێت ئەستێرەی ئەم فیکر یان ئەو فەلسەفە، بەم یان بەو شێوە، بە ئاسمانی شیعرەوە بدرەوشێتەوە، وەلێ ئەوی شەیدای گەڕان لە دووی فیکر یان فەلسەفە بێت، وڵاتی شیعری بۆ ناگەڕێت، وەک چۆن ئەوی شەیدای شیعر بێت، گۆران دەخوێنێتەوە نەک سیۆران.

فڵان بەرهەم لەسەر شێوەی کۆن نووسراوە یان نوێ؟ بە کێشی پەنجە نووسراوە یان بە پەخشان؟ ڕۆمانتیکە یان کلاسیک؟ واقیعییە یان سوریالی؟ بنووسەکەی نەریتخوازە یان پۆستمۆدێرنیست؟ نەوەی نوێیە یان دێرین؟ گرنگ وەڵامی هیچ کام لەو پرسیارانە نییە، ئەوە گرنگە بەرهەمەکە شیعرە یان نا، چونکە بەدرێژایی دیرۆکی شیعر، تەنیا دوو جۆر بەرهەم هەبوون: شیعر و ناشیعر.