لە نێوان برینی تراوما و هەڵبژاردنی بووندا:

تراومای مووچە و شەڕی شوناس

ڕێبوار سیوەیلی

1. کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی نائاساییدا دەژی؛ دۆخێک کە لە چاوەڕوانییەکی بێکۆتایی بۆ مووچە و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوام لە داهاتوودا خۆی کورت دەکاتەوە. ئەمە تەنها قەیرانێکی ئابووری نییە، بەڵکو برینێکی دەروونیی هاوبەشە کە وردە وردە لە ناخی تاک و کۆمەڵدا قووڵ دەبێتەوە. بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، دەبێت لە دوو ئاستدا لێی بڕوانین: ئاستی ناوەکی، کە پەیوەندی بە تراوما و دۆخی بوونناسی ئێمەوە هەیەو ئاستی دەرەکی، کە پەیوەندی بەو شەڕی شوناسەوە هەیە کە “ئەویتر”ی سیاسی (بەغدا، تاران، ئەنقەرە) لە ڕێگەی ئەم قەیرانەوە بەڕێوەی دەبات. بیرمەندانی وەک گابۆر ماتێ و سۆرین كیەكەگۆ (كیركەگارد) دەتوانن یارمەتیدەرمان بن تا لە هەردوو ڕەهەندی ئەم برینە تێبگەین.

یەکەم: دەستنیشانکردنی برینی ناوەکی (ڕوانگەی ماتێ و كیەكەگۆ)

گابۆر ماتێ پێی وایە “تراوما ئەوە نییە کە بەسەرت دێت، بەڵکو ئەوەیە کە لە ناوەوەی تۆدا ڕوودەدات”. دواکەوتنی مووچە ڕووداوەکەیە، بەڵام تراوماکە بریتییە لەو هەستە قووڵەی بێدەسەڵاتی، لەدەستدانی کۆنترۆڵو دابڕان کە لە ناخی مرۆڤەکاندا دروست دەبێت.

لێرەدا كیەكەگۆ قووڵتر دەڕوات و پێمان دەڵێت ئەم تراومایە چۆن بوونی ئێمە دەشێوێنێت. دۆخی ئێستا ئێمەی لە “ترس”ێکی دیاریکراوەوە (ترس لە بێ پارەیی) بردووە بەرەو “شپرزەیی”یەکی بوونناسی (Angst)، کە ترسە لە داهاتوویەکی نادیار. خستووینەتە ناو “دوودڵی” و ڕاڕاییەوە (Fortvivlelse)، کە تێیدا مرۆڤ لە خودی خۆی نامۆ دەبێت و پرسیاری “من کێم؟” دەکات. لە هەمووشی گرنگتر، “هەنووکە” (The Moment)ی لێ دزیوین؛ ئەو ساتەی کە تێیدا بڕیاری ئازادانە دەدرێت. لەجیاتی ئەوە، ژیانمان بووەتە زنجیرەیەک لە چاوەڕوانیی پاسیڤ و بێدەروەستی و بێدەسەڵاتی و دەستەوەستانی و بەستەزمانی..

دووەم: ڕەهەندی دەرەکی: کاتێک مووچە دەبێتە ئامرازی بچووککردنەوەی “بوون”مان:

بەڵام ئەم برینە ناوەکییە لە بۆشاییدا دروست نەبووە. بەڵکو بەرهەمی میکانیزمێکی سیاسیی (ئاگایانە)یە کە لەلایەن “ئەویتر”ـەوە بەکار دەهێنرێت. لێرەدا ناکۆکیی هەولێر و بەغدا تەنها کێشەیەکی یاسایی و دارایی نییە، بەڵکو درێژکراوەی ململانێیەکی مێژوویی قووڵترە لەسەر شوناس و بوون.

2. عەقڵیەتی سیاسیی شیعە لە بەغدا، کە میراتگری هەمان دیدی دەوڵەتی عێراقیی پێشووە (هەروەها فارس و تورکیش)، هەمیشە هەوڵیداوە لە ڕێگەی میکانیزمی جیاوازەوە بوونی کورد بچووک بکاتەوە. ئەگەر جارێک ئەمە لە ڕێگەی نکۆڵیکردنی فیزیکی (ئەنفال و کیمیاباران) بووبێت، ئەمڕۆ لە ڕێگەی نکۆڵیکردنی ئابووری و دەروونییەوە دەکرێت. بەکارهێنانی مووچە وەک کارتی گوشار، تەنها ئامرازێک نییە بۆ ملکەچکردنی سیاسی، بەڵکو لەوە قووڵتر، هەوڵێکە بۆ:

• کورتکردنەوەی بوونی کورد لە پێداویستییەکی بایۆلۆژیدا: کاتێک خەمی سەرەکیی مامۆستا، پزیشک و پێشمەرگە دەبێتە وەرگرتنی مووچە بۆ دابینکردنی بژێوی، ئیتر بوونیان وەک مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت، خەونی نەتەوەیی و پڕۆژەی کولتووری، بچووک دەکرێتەوە بۆ ئاستی بوونەوەرێک کە تەنها بەدوای “مانەوە”ی بایۆلۆژییەوەیە. ئەمە هەمان ئەو ستراتیژییەیە، کە كیەكەگۆ لە ڕەخنەگرتنی لە سەردەمی مۆدێرندا باسی دەکرد: کاتێک مرۆڤ لە “بوون”ـەوە دەگۆڕێت بۆ “هەبوو”ێكیی ماددیی ڕووت.

• دروستکردنی دابڕان لەنێوان خەڵک و قەوارە سیاسییەکەیدا: ئامانجی سەرەکیی ئەم گوشارە، دروستکردنی بۆشایی و بێ متمانەییە لەنێوان هاوڵاتیی کورد و حوكوومەتەکەیدا. کاتێک هاوڵاتی هەست دەکات قەوارە سیاسییەکەی ناتوانێت سەرەتاییترین مافی دابین بکات، پەیوەندیی ڕۆحی و مانایی لەگەڵیدا لاواز دەبێت. ئەمە هەمان ئەو “دابڕانە”یە کە ماتێ وەک ناوکی تراوما باسی دەکات.

• سەپاندنی هەژموونی زمانی پیرۆز و شوناسی باڵا: لە پشتی ئەم ململانێیەوە، بیرۆکەیەکی قووڵتر خۆی حەشارداوە. عەقڵیەتی زاڵ لە بەغدا (هەروەها تاران و ئەنقەرە) خۆی وەک نوێنەری شوناسێکی باڵاتر (عەرەبی، ئیسلامی-شیعی) و خاوەنی “زمانی پیرۆز” (زمانی قورئان) دەبینێت. لەم دیدگایەوە، هەر شوناس و زمانێکی تر (وەک کوردی) وەک بوونێکی لاوەکی و ناتەواو سەیر دەکرێت. بۆیە، ملکەچکردنی ئابووریی کورد، لە ناخودئاگای سیاسییاندا، جۆرێکە لە سەپاندنەوەی ئەو پێگەخوازییە کولتووری و مێژووییە.

3. تراومای دووبارەبووەوە: برین لەسەر برین

ئەم ستراتیژییەی “ئەویتر” لەسەر دەروونێکی ماندوو و بریندار کار دەکات. کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە لە “تراومای دووبارەبووەوە”. هەستی بێدەسەڵاتی لە بەرامبەر هێزێکی ناوەندی کە چارەنووسی بەدەستە، برینێکی کۆنە. ئەمڕۆ هەمان ئەو برینە لە فۆرمێکی نوێدا دەکولێتەوە. ئەمە وادەکات پەرچەکردارەکان توندتر بن و هەستی بێهیوایی قووڵتر بێتەوە، چونکە تاک هەست دەکات مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە.

بەرەو چارەسەر: هەڵبژاردنی “بوون” لەناو دڵی تراومادا 

لێرەدا، تێکەڵکردنی ماتێ و كیەكەگۆ ڕێگای دەرچوونمان نیشان دەدات. ماتێ پێمان دەڵێت دەبێت دان بە برینەکەدا بنێین و لە ڕێگەی پەیوەستبوونەوەی کۆمەڵایەتی و هاوکارییەوە ڕووبەڕووی ببینەوە. بەڵام كیەكەگۆ بانگهێشتمان دەکات بۆ هەنگاوێکی بوێرانەتر: بازدا بەرەو مەحاڵ.

کاتێک هەموو سیستمە دەرەکییەکان شکست دەهێنن، تاک لەبەردەم هەڵبژاردنێکی بوونناسیدایە:

• هەڵبژاردنی “تاک” لە بەرامبەر “حەشامات لەجیاتی ئەوەی ببینە بەشێک لەو جەماوەرە بێهیوا و سکاڵاکەرە، تاک دەبێت بەرپرسیارێتیی بوونی خۆی لە ئەستۆ بگرێت. بپرسێت: “لەناو ئەم دۆخەدا کە هەوڵی بچووککردنەوەی بوونم دەدرێت، من چۆن دەتوانم بوونی خۆم بسەلمێنم؟”

• هەڵبژاردنی “بوون” لە بەرامبەر “هەبوون”: دەبێت بڕیار بدەین کە ئێمە تەنها بوونەوەرێک نین کە بۆ مووچە بژین. بازدانی باوەڕ لێرەدا، باوەڕهێنانە بەوەی کە بەهای ئێمە بە کولتوورەکەمان، زمانەکەمان، داهێنانمان و لە خودی مرۆڤبوونماندایە، نەک لەو پارەیەی کە لە بەغداوە دێت یان نایەت. ئەمە گەڕاندنەوەی کەرامەتە بۆ خود.

• دروستکردنەوەی “هەنووکە”: بازدان بەرەو مەحاڵ، بڕیاردانە لەناو دڵی نادڵنیاییدا. بڕیاردانە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی بچووک، بۆ خوێندنەوەی کتێبێک، بۆ یارمەتیدانی دراوسێیەک. ئەمە داهێنانەوەی ژیانە لەکاتێکدا هەمووان لە چاوەڕوانیی مردنی ژیاندا وەستاون.

4. دەرەنجام:

قەیرانی مووچە تەنها شەڕێکی ئابووری نییە، بەڵکو شەڕێکە لەسەر واتای بوونی کورد. ئەویتری سیاسی دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم برینە تراوماتیکەوە، بوونمان بچووک بکاتەوە. وەڵامی ئێمە نابێت تەنها سیاسی بێت، بەڵکو دەبێت بوونناسیش بێت. لە دوورمەودادا، چارەسەری ڕاستەقینە تەنها وەرگرتنی مووچە نییە، بەڵکو دروستکردنەوە و وەرگرتنەوەی “خود”ێکە، کە چیتر ڕێگە نادات هیچ هێزێکی دەرەکی پێناسەی بوونی بۆ بکات. ئەمە قورسترین، بەڵام ڕەسەنترین ڕێگای بەرەنگارییە