گەنجێک دوای 8 مانگ ونبوون لە ڕێگای ئەورووپا دەگەڕێتەوە باوەشی دایک و باوکی

گەنجێکی دەڤەری قەسرێ دوای زیاتر لە هەشت مانگ ون بوون لە ڕێگای ئەورووپا و مانەوە لە زیندانەکانی وڵاتی بیلاروس، ئەمڕۆ بە باوەشی دایک و باوکی شاد بووەوە و گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.

موحەممەد شیمالی تەمەن 20 ساڵ، خەڵکی گوندی ڕەشدووری سەر بە ناحیەی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمانە، زیاتر لە هەشت مانگ لەمەوبەر هەرێمی کوردستان جێ دەهێڵێت و ڕێگای ئەورووپا دەگرێتە بەر، بەڵام لە وڵاتی “بیلاروس” لەگەڵ کۆمەڵێک پەنابەری کورد و پاکستانی دەستگیر دەکرێن و بێ سۆراخ دەبن.

دوای زیاتر لە هەشت مانگ ونبوون، لە ڕێکەوتی 25ی تەمموزی 2025 نامەیەک بە دەست خێزانەکەی دەگات، نامەکە لەلایەن موحەممەد شیمال، گەنجە ونبووەکە، بە دەست و خەتی خۆی نووسراوە و بۆ خێزانەکەی ناردۆتەوە، موحەممەد لە نامەکە نوویسویەتی، “ سلام علیکم، دایە گیان و بابە گیان، زۆر باشم و خەمی منتان نەبێت، لە زیندان بانگ دەدەم و لەگەڵ برادەرانی پاکستانی نوێژ بە جەماعەت ئەکەین، انشالله بەم زووانە دەگەڕێمەوە باوەشتان، خەمی منتان نەبێت زۆر باشم و بەم زووانە دەگەرێمەوە.”

داڵ میدیا زانیویەتی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ی ئابی 2025 موحەممەد شیمالی لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و بە دایک و باوک و خێزانەکەی شاد بۆتەوە.