نرخی نەوت ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد؛ برێنت 91 دۆلاری تێپەڕاند

ئەمڕۆ سێشەممە، 1ی ئەیلوولی 2026، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد. هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانەوەی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە جارێکی دیکە ترسی پچڕانی دابینکردنی نەوتی خاوی لە جیهاندا دروستکردووەتەوە.

لە بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 56 سەنت یان 0.6٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 91.05 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 83 سەنت یان 1٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 86.59 دۆلار. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی ڕابردووش نرخی برێنت بە ڕێژەی 2.7٪ و نەوتی تەکساس بە ڕێژەی 2.8٪ بەرزبووبوونەوە.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی زیاتری بۆ سەر ئێران کرد وەک وەڵامێک بۆ یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات لە دوای مانگێک، کە ڕۆژی یەکشەممە ڕوویدابوو. لە هەمان کاتدا، ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند کە کەشتییەکی نەوتکێش لە کاتی چوونه‌دەرەوەی لە تەنگەی هورمز بە سێ مووشەک پێکراوە.

شارەزایانی بازاڕە داراییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی ئێران و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ناوچەکە و ئاستەنگ لە کەشتیوانیی تەنگەی هورمز، ڕاستەوخۆ نرخەکانی بەرزکردووەتەوە؛ بەتایبەت کە داتاکانی کۆمپانیای (کێپلەر) نیشانی دەدەن ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە تەنگەکەوە تێپەڕیوون بۆ تەنیا پێنج کەشتی لە ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی قەتەر و عومان بۆ وەک ناوبژیوان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بە مەبەستی کردنەوەی تەنگەی هورمز، تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە. هاوکات یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکاش بە بڕی 3.1 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ 286.6 ملیۆن بەرمیل، کە ئەمەش نزمترین ئاستی ئەو یەدەگەیە لە ماوەی 44 ساڵی ڕابردوودا.