بەهۆی خواردنی چێشتخانەیەک 75 کەس ژەهراوی بوون

لە یەکێک لە چێشتخانەکانی زاخۆ زیاتر لە 75 هاووڵاتی بەهۆی خواردن لە چێشتخانەیەک ژەهراوی بوون، وەزیری تەندروستیش دەڵێت: بڕیاری داخستنی چێشتخانەکە درا و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتە بەر.

ڕۆژی چوارشەممە 22ی نیسانی 2026 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: “هەموو ئەو کەسانەی تووشی ژەهراویبوون بوون لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ پێشوازییان لێکراوە و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە. “

سامان بەرزنجی گوتیشی: “ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر خاوەنی چێشتخانەکە وەرگیراوە بەپێی یاسای تەندروستیی گشتی، چێشتخانەکە داخرا و نموونەی خواردنەکانیش ڕەوانەی تاقیگە کراون بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکیی ژەهراویبوونەکە، ماوەی سێ ڕۆژی پێویستە تاوەکو دەرئەنجامەکەی دەردەچێت.”

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، “زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی ژەهراویبوون بوون ڕەوانەی ماڵەوە کراون تەنیا چوار کەسیان نەبێت لە ژێر چاودێری ماونەتەوە.”