لە ڕۆژی نەتەوەیی تورکماندا، قوباد تاڵەبانی سەردانی نووسینگەی بەرەی تورکمانی کردووە لە هەولێر و دەڵێت؛ “تورکمانەکان پێكهاتەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراقن و پشتیوانی لە دابینکردنی هەموو مافەکانیان دەکەین.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند: ” ئەمڕۆ لە ڕۆژی نەتەوەیی تورکماندا سەردانی نووسینگەی بەرەی تورکمانیم کرد لە هەولێر و پیرۆزبایی بۆنەکەم لێ کردن. تورکمانەکان پێكهاتەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراقن و پشتیوانی لە دابینکردنی هەموو مافەکانیان دەکەین.”
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: “ئێمە شانازی بە کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە کوردستان دەکەین. هەروەها شانازیش دەکەین کە وەک کورد هەمیشە داکۆکیکاری مافەکانی هەموو پێكهاتەکان بووین لە عێراقدا.”
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: “مام جەلال بەبێ جیاوازی هەوڵی پاراستن و دابینکردنی مافی پێکهاتەکان و لەناویشیاندا پێکهاتەی تورکمانی دەدا و ئێمەش لەسەر ئەم رێبازە بەردەوامین.”