دۆلار بۆ عێراق دەنێردرێت و بەهای دینار بەرزدەبێتەوە

بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە حکومەتی عێراق گەیشتن بە ڕێککەوتنی لەگەڵ واشنتن بۆ ناردنی دۆلار ڕاگەیاند.

 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە. پسپۆڕانی بواری دارایی هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە خێرایەی بازاڕ بۆ قسەکانی گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەگەڕێننەوە، کە تێیدا باسی لە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا کردووە سەبارەت بە بەردەوامبوونی ناردنی دۆلاری نەختینەیی بۆ وڵاتەکە.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی دۆلار گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی باش بۆ ئەوەی دۆلار بۆ عێراق بنێرن. ئەم قسانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر بەهای دینار، بەجۆرێک بەهای 100 دۆلار گەیشتە 155 هەزار و 350 دینار.

سەرەڕای کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لێدوانەکەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەسەر بازاڕی دراو، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕی ئەو دۆلارەی کە بڕیارە ئەمریکا بۆ عێراقی بنێرێت ئاشکرا نەکراوە، هاوکات کاتی گەیشتنی پارەکەش بەتەواوی دیاری نەکراوە.