لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا، نرخەکانی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا تۆزێک پاشەکشەیان کرد؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕاپۆرتە بازرگانییەکان ئاماژەیان بە پلانی وڵاتانی ئاسیا کرد بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی هاوردەکردنی نەوتی خاو، کە لە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە بەم شێوەیە نەبووە.
بەپێی داتاکانی بازاڕ، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ڕێژەی 0.52% دابەزی و بۆ هەر بەرمیلێک گەیشتە 102.54 دۆلار. هاوکات، نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە ڕێژەی 0.34% دابەزینی تۆمار کرد و بە 91.85 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
ئاژانسی رویتهرز بڵاوی کردووەتەوە کە قەبارەی هاوردەکردنی نەوتی خاو بۆ کیشوەری ئاسیا لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە پاش دەستپێکردنی قەیرانی ئێرانەوە. پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا تێکڕا ڕۆژانە 23.96 ملیۆن بەرمیل نەوت بگاتە ئاسیا، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە مانگی ئابدا ڕۆژانە 23.38 ملیۆن بەرمیل بوو، کە ئەوەش بەرزترین تێکڕایە لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە تا ئێستا.
لە لایەکی ترەوە، دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە هێشتا گرژە. سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، لە لێدوانێکدا ئەمریکا و ئیسرائیلی بە هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی ئارامی و ئاژاوەی جیهانی تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە سەرەڕای فشارەکان، وڵاتەکەی تا هەناسەی کۆتایی لە بەرەنگاربوونەوەدا بەردەوام دەبێت، بەتایبەت دوای ئەو لێدوانانەی واشنتن کە تاران بە پشتیوانیکردنی تیرۆر تۆمەتبار دەکات، لە کاتێکدا خۆیان قوربانین.
سەبارەت بە دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئەم دابەزینە، نۆعیم ئەسلەم، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە کۆمپانیای (Zaye Capital Markets)، پێی وایە هەرچەندە کەمبوونەوەی نرخی نەوت ڕەنگە کاتی بێت و ئارامییەکی کاتی بۆ بازاڕی پشکەکان لە ئەورووپا و ئەمریکا بگێڕێتەوە، بەڵام مەترسییە جیۆسیاسییەکان هێشتا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد کە بازاڕەکان بەردەوام لە دۆخێکی هەستیاردان بەرامبەر بە سیاسەتە نەختییە توندەکان، گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ئەو گفتوگۆ و هاوکێشە بازرگانییانەی لە نێوان ئەمریکا و چیندا لەسەر کەرتەکانی وەک ژیریی دەستکرد و کانزا ستراتیژییەکان بەڕێوە دەچن.