لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ ئاسانکاری بۆ کەرتی بازرگانی، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارێکی پێشووی هەڵوەشاندەوە و مەرجەکانی پێشووی گۆڕی، بە جۆرێک کە لەمەودوا ڕاپۆرت و وردبینییەکانی ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە فەرمی قبووڵ دەکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، بڕیارە نوێیەکەی بانکی ناوەندی لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ دەرچووە و تیایدا ناوەڕۆکی نووسراوێکی پێشووی کە مێژووەکەی بۆ ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەگەڕایەوە، هەڵوەشێنراوەتەوە. پێشتر بانکی ناوەندی تەنها ئەو زانیارییە داراییانەی پەسەند دەکرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی پەیوەندیداری بەغداوە وردبینییان بۆ کرابوو.
لای خۆیەوە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە بانکەکانەوە لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ئەیلوولەوە، دەستپێکردووە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی باڵای بازرگاناندا دەشکێتەوە.
ئەم ڕێکار و وردبینییە داراییانە بەشێکن لە مەرج و ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بتوانن سودمەند بن لە کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی بە مەبەستی هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر بازرگانان و کۆمپانیاکانی هەرێم ناچار بوون پرۆسەی وردبینی لە بەغدا ئەنجام بدەن و لە هەمان کاتدا دووجار باجیان لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەدا، بەڵام بەم بڕیارە نوێیە ئەو لەمپەرە کارگێڕییە نامێنێت و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ دەستگەیشتن بە دۆلاری فەرمی دابین دەکرێت.
شایەنی باسە، ئەم گۆڕانکارییە لە پاش ئەوە هات کە لە ١٦ی ئابدا هەردوو ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی بەغدا و هەولێر لەسەر سنوری دەسەڵاتی کارکردنیان ڕێککەوتن؛ کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەر لایەنە و وردبینی بۆ کۆمپانیاکانی سنووری خۆی دەکات و وردەکارییەکەی بە نووسراوی فەرمی بۆ بانکی ناوەندیی عێراق بەرز دەکاتەوە.