وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند کە کارگێڕییەکانی گومرگ بەرەو کۆتاییهێنانی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان دەچن بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی “ئەسیکۆدا” لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ بەستنەوەی تەواوی دەروازەکانی وڵات بە یەک تۆڕی نیشتمانییەوە.
ئەم ڕاگەیاندنە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق هات لەگەڵ تیمی شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی بازرگانی (UNCTAD) و بەرپرسانی گومرگی عێراق، کە تێیدا دواین پێشهاتەکانی پەرەپێدانی سیستەمەکە و میکانیزمی بەگەڕخستنی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
بڕیارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە:
- کاراکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێم: وەزیری دارایی جەختی کردەوە کە بەگەڕخستنی ئەم سیستەمە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی، بەهێزکردنی چاودێری و ڕێگریکردن لە سەرپێچییەکان.
- وەرگرتنی پێشوەختەی ڕسوومات: بڕیار درا لە 1ی تشرینی یەکەمی 2026ەوە، ڕسووماتی گومرگی بە شێوەی پێشوەختە و ڕاستەوخۆ لە کاتی حەواڵەکردنی پارەدا وەربگیرێت، بە مەبەستی بڕینی ڕێگە لە ساختەکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت لە کۆکردنەوەی داهاتەکاندا.
- تەواوکردنی ڕێکارە تەکنیکییەکان: بەرپرسانی گومرگ ئاماژەیان بەوە کرد کە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچن و بەم زووانە بە کردەیی دەست بە کارکردن دەکەن.