هەموو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر زۆربوونی ئاستی بەنزین و دابەزینی نرخەکەی دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئابی 2026 سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەموو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بەشێوەیەکی فەرمی گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و قۆناخ بە قۆناخ دەستیان بە ئامادەکردن و دەرهێنانی نەوتی خاو کردووەتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا ڕاگرتنی کاری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان بووە هۆی دروستبوونی گرفتی کەمیی بەنزین. هۆکاری ئەمەش پەیوەندیی بە شێوازی پێدانی مافە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەوە هەیە. حکومەتی عێراق بەرانبەر بە کارەکانیان، لە جیاتی پارە نەوتی خاو دەداتە ئەو کۆمپانیایانە.
دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیاکان دەبێتە هۆی دابینکردنی نەوتی خاوی زیاتر بۆ پاڵاوگە، لە ئەنجامدا ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین زیاد دەکات و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دابەزینی نرخەکەی لە بازاڕەکاندا دەبێت.