ئەمریکا بە نهێنی بازرگانی نەوت لە گەرووی هورمز دەکات

لە پێشهاتێکی سەربازی و ئابووریی گرنگدا، هێزەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوێکی نوێی دەریاییان لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی میدیا ئەمریکییەکان بە پشتبەستن بە سەرچاوە بڵندەکانی واشنتن، ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی ڕزگارکردنی بازاڕەکانی وزەی جیهان لە قەیرانێکی گەورە.

بەپێی زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە لە سنوورە دەریاییەکانی باشووری گەرووەکە و هاوسنوور لەگەڵ کەناراوەکانی عومان جێبەجێ دەکرێت. هێزەکانی واشنتن ڕۆژانە سەرپەرشتی دەربازبوونی بەکۆمەڵی نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو دەکەن، کە ئەمەش هاوتا بە نیوەی تەواوی ئەو هەناردەیەیە کە پێش هەڵگیرسانی ئاڵۆزییەکان لەو ناوچەیەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.

لەم بارەیەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی ڕەوانەکردنی نەوت لە ناوچەکەوە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز. ناوبراو ڕەتیشی کردەوە هیچ جۆرە دیالۆگێک لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەبێت و ئاماژەی بەوە دا کە ئەنجامدانی دانوستان لە هەلومەرجی ئێستادا بەفیڕۆدانی کاتە، جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزی بەرامبەر لە ئێستادا توانای مانۆڕی تا ڕادەیەکی زۆر لەدەستداوە.

سەرپەرشتیکردنی ئەم جوڵە دەریاییە ئاڵۆزە لە ناوەندی فەرماندەیی فیرقەی 82ی چەتربازی سوپای ئەمریکا لە ویلایەتی کارۆلینای باکوورەوە بەپڕتاو بەڕێوەدەچێت. پڕۆسەکە بە شێوازی کاروانی ژێر پاراستنی ئاسمانیی چڕ جێبەجێ دەکرێت، بە جۆرێک شەوانە دەیان کەشتیی نەوتهەڵگر (چ بەتاڵ بۆ بارکردن لە بەندەرەکانی کەنداو، چ پڕ لە نەوت بۆ هەناردەکردن) لە خاڵەکانی پشکنینەوە بە ڕێڕەوەکەدا تێپەڕدەبن.

سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە کە پێشتر هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا تواناکانی چاودێری و ڕاداری ئێرانیان لە ناوچەکەدا تێکشکاندووە. ئەمەش وایکردووە تاران توانای بەدواداچوونی وردی نەمێنێت و هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بەبێ ئامانجی ڕوون هاوێژێت، کە زۆربەیان بەرپەرچ دەدرێنەوە و پێش گەیشتنیان بە ئامانج دەخرێنە خوارەوە.