تورکیا ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی سیاسیی بێپێشینە دەبێتەوە، کە تێیدا گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵات کەرت دەبێت و بڕیارە پارتێکی نوێ بە سەرکردایەتی ئۆزگور ئوزەل، سەرۆکی دوورخراوەی حیزبەکە پێکبهێندرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە و سەرۆکی ئێستای فراکسیۆنی ئەو حیزبە، لەگەڵ پەرلەمانتارەکانی کۆدەبێتەوە. لە کۆی 135 پەرلەمانتاری جەهەپە، 95 کەسیان بڕیاریانداوە لەگەڵ ئۆزەل ڕیزەکانی حیزبەکە بەجێبهێڵن.
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی تورکیا، دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، هەموو ئەو پەرلەمانتارانە واژۆی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا دەکەن.
پڕۆسەی دامەزراندنی پارتە نوێیەکە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت. بڕیارە ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ ئامادەکارییەکانی ڕاگەیاندنی پارتەکە بەڕێوەبچێت. دواتریش ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، داواکاریی فەرمیی دامەزراندنی “پارتی نوێ” ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەکرێت تاوەکو وەک قەوارەیەکی سیاسیی نوێ دەستبەکار بێت.
ئەم جیابوونەوەیە نەخشەی سیاسیی ناو پەرلەمانی تورکیا دەگۆڕێت، بەجۆرێک “پارتی نوێ” دەبێتە دووەم گەورەترین فراکسیۆن و جەهەپەش بۆ پلەی پێنجەم دادەبەزێت.