سوپای تورکیا بە دەستدرێژیکردنە سەر ژن و منداڵ تۆمەتبار دەکرێت

پەرلەمانی ئەورووپا، سوپای تورکیا بە دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی بەشە یۆنانییەکەی قوبرس تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، پێویستە سوپای تورکیا بەشە تورکییەکەی قوبرس بەجێبهێڵێت.

ئەمڕۆ هەینی 10ی تەممووزی 2026 پەرلەمانی ئەورووپا کە دەسەڵاتی یاسادانی یەکێتی ئەورووپایە، بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە بڕیارێکی دژی بوونی تورکیا لە قوبرس پەسەندکرد و تیایدا هاتووە؛ سوپای تورکیا ساڵی 1974 کاتێک هێرشی کردووەتە سەر قوبرس، دەستدرێژیی کردووەتە سەر منداڵ و ژنانی بەشە یۆنانییەکەی قوبرس.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، دەستبەجێ وەڵامی پەرلەمانی ئەورووپای دایەوە و بڕیارەکانی بە لایەنگرانە، بێ بەها و بێ بنەما ناوبرد و دەڵێت: “بڕیارەکان تۆمەتن و دوورن لە ڕاستییەوە.”

لای خۆیەوە بەشە تورکییەکەی قوبرسیش کە تەنیا لەلایەن تورکیاوە دان بە سەربەخۆییەکەیدا نراوە، بڕیارەکانی پەرلەمانی ئەورووپا ڕەتدەکاتەوە و بە توندی سەرکۆنەی کردووە.