لە سلێمانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەن ئەنجامدرا

لە سلێمانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی گیرانی دەنگ بە سەرکەوتوویی بۆ هاووڵاتییەک کرا کە پێنج ساڵ بوو بەدەست نەخۆشییەکەیەوە دەیناڵاند.

ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026 بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: “لە کارێکی پزیشکیی سەرکەوتوودا، تیمە پزیشکییەکانی سەنتەری قورگ و لووت و گوێ توانییان لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەکی تایبەت و وردەوە بە ناوی (Type 1 thyroplasty)، کۆتایی بە ناڵاندنی پێنج ساڵەی نەخۆشێک بهێنن کە بەدەست شەلەلی دەنگەژێیەکانیەوە دەیناڵاند، و توانای قسەکردن و دەنگی سروشتی بۆ بگەڕێننەوە.”

چیرۆکی نەخۆشەکە:

نەخۆشەکە تەمەنی 47 ساڵ بوو، پێش پێنج ساڵ لەمەوبەر نەشتەرگەریی غودەی دەرەقی بۆ کرابوو، بەهۆی لێکەوتەکانی ئەو نەشتەرگەرییەوە تووشی شەلەلبوونی دەنگەژێی چەپی ببوو. ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی کە دەنگی بە تەواوی گڕ ببێت، لە کاتی قسەکردنی زۆردا زوو هیلاک بێت و تووشی تەنگەنەفەسی ببێت. بەهۆی جێگیربوونی ئەم دۆخە مەترسیدارە، پزیشکان بڕیاریاندا پرۆسەی چارەسەرکردنی بۆ دەستپێبکەن.

پرۆسەی نەشتەرگەرییەکە:

بە بەنجی خۆجێیی و بەبێ بێهۆشکاری گشتی لە ڕۆژی 22ی مانگدا، لەناو سەنتەری قوڕقوڕاگە و لووت و گوێ، پرۆسە پزیشکییەکە لەڕێگەی ملەوە و تەنها بە بەکارهێنانی سڕکردنی خۆجێی (بەنجی مەوزوعی) ئەنجامدرا. لەم تەکنیکە پزیشکییەدا، تیمەکە توانییان ئەو دەنگەژێیەی کە تووشی شەلەل بووە و کار ناکات، نزیک بکەنەوە لە دەنگەژێیە ساغەکەی تەنیشتی، تاوەکو توانای لەرینەوە و دروستکردنی دەنگی بۆ بگەڕێتەوە. ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە بەهۆی وەرەم، نەشتەرگەری پێشوو، یان هەر حاڵەتێکی ترەوە تووشی لاوازی و شەلەلی لایەکی دەنگەژێیەکانیان دەبن.

سەرکەوتنی پرۆسەکە و گەڕانەوەی دەنگی نەخۆشەکە:

خۆشبەختانە نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتووییەکی لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی قورگ و لوت و گوێ (د.هاوبیر عادل و د.شکار نەوزاد) بەهاوبەشی پزیشکانی بێهۆشکاری و کارمەندانی بەشی نەشتەرگەری ئەنجامدرا و ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی نەشتەرگەرییەکە، نیشانە ئەرێنییەکان دەرکەوتن؛ دەنگی گڕی نەخۆشەکە بە تەواوی گۆڕا و توانای قسەکردنی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، بەمەش توانرا بە سەرکەوتوویی ژیانی ئاسایی بۆ بگەڕێندرێتەوە.