ئەفسەرێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ دوای خواردنی حەبێکی ڤیاگرا گیانی لەدەستدا

ئەفسەرێکی پلە عەمید دوای خواردنی حەبێکی ‘ڤیاگرا’ لە بەغدا لە ناو ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا و بەم هۆیەوە ژنێک دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند: ئەفسەرێک بە پلەی عەمید لە وەزارەتی ناوخۆ، لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی یەرمووکی بەغداد گیانی لەدەستداوە.

ماڵپەری بەغداد تودەی، هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سەرچاوە ئەمنییەکە ڕایگەیاند: “زانیاریمان پێ گەیشت لەسەر گیان لەدەستدانی ئەو ئەفسەرە لە ناو ماڵەکەیدا و لەسەر ئەم بنەمایەش هێزێکی ئەمنی چوونە شوێنی ڕووداوەکە”.

سەرچاوەکە زانیاری زیاتری خستۆتەڕوو بۆ ماڵپەڕە عێراقییەکە و دەڵێت: “هێزە ئەمنییەکە ژنێکیان دۆزیوەتەوە کە لەوێ لەگەڵ کۆچکردووەکەدا بووە، و تا ئێستاش پەیوەندی نێوانیان ڕوون نەبووەتەوە”. ئاماژەی بەوەش کرد کە “ژنەکە لە گوتەکانیدا ڕایگەیاندووە کە عەمیدەکە پێش گیانلەدەستدانی، حەبێکی ڤیاگرای خواردووە”.

لە ئێستادا ژنەکە دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەش بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و هۆکاری ڕاستەقینەی گیانلەدەستدانەکە دەستی پێ کردووە.