لە دهۆک یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا

یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی “تای خوێنبەربوون” لەمساڵدا لە پارێزگای دهۆک تۆمارکرا، کە پیاوێکی تەمەن 47 ساڵەی شوانکارەیە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی ئازادی لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026 د.بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستن لە تەندروستیی دهۆک ڕایگەیاند: “ئەو نەخۆشە لە ڕۆژی 31ی 5 نیشانەی هەبووە و لە نەخۆشخانەی ئازادی خەوێندراوە، خەڵکی ناحیەی “سنونێ”یە لە شەنگاڵ.”

د.بەختیار ئەحمەد، گوتیشی: “لە بەغداوە پشتڕاستکراوەتەوە کە تووشی تای خوێنبەربوونە و ئێستا لە نەخۆشخانەی فێرکاری ئازادیی خەوێندراوە.”

تای خوێنبەربوون لە ڕێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگى جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، 40% ئەو کەسانەی تووشی دەبن ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.

نیشانەکانی توشبوون بە تای خوینبەربوون:

تای بەرز، ئازاری ماسوولکە و سەرسوڕان و ئازاری مل و پشت ئێشە و سەرئێشە و سووربونەوەی چاو و هێڵنج و ڕشانەوە.

ڕێگاکانی خۆپاراستن لە توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون:

1.دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەرشەقامەکان بە نایاسایی.

2.ئەو کەسانەی گۆشت فرۆشن، دەبێت سەرجەم ڕێنماییە پزیشکییەکان پەیڕەوبکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت.

3.نەچوونی مرۆڤ، بۆ ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێرووەکانی لێیە.