دۆخی دراوی ئێرانی لە بازاڕەکاندا زیاتر تێکشکاو ئەمڕۆ سێشەممە نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەن بازدانێکی گەورەی تۆمار کرد.
بەپێی ئامارەکان، بەهای دۆلار بە ڕێژەی 3.66% و بە بڕی 8,650 تمەن بەرز بووەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا یەک دۆلار بە 244,700 تمەن ئاڵوگۆڕی پێوە دەکرێت.
لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، جووڵەی نرخی دۆلار لەنێوان نزمترین ئاستی 235,900 تمەن و بەرزترین ئاستی 245,700 تمەن دا هاتووچۆی کردووە. لە هەفتەی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا دۆلار نزیکەی 5.16% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووشدا ڕێژەی بەرزبوونەوەکەی بۆ 57.26% بەرز بووەوە.
چاودێرانی بازاڕی دارایی پێیانوایە ئاستی 240 هەزار تمەن وەک یەکەمین خاڵی پشتگیریی گرنگ بۆ دۆلار دەمێنێتەوە. ئەگەر دۆلار بتوانێت بە شێوەیەکی بەهێز لە سەرووی ئەم ئاستەوە جێگیر بێت و هیچ هەواڵێکی ئەرێنی لەبارەی کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکان بڵاو نەکەوێتەوە، ئەوا ئەگەرێکی بەهێز هەیە نرخەکەی بەرەو ناوچەی 250 هەزار تمەن بگەڕێت.
لە بەرانبەردا، ئەگەر زانیاری نوێ سەبارەت بە پێشکەوتنی دانوستاندنە سیاسییەکان یان سستبوونەوەی گرژییەکان بڵاو ببنەوە و گوشاری فرۆشتن لەسەر دۆلار دروست ببێت، پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار جارێکی تر پاشەکشە بکات و دابەزێتەوە بۆ ئاستەکانی 238 و 240 هەزار تمەن.