بەهۆی خواردنی قارچکەوە 11 کەس ژەهراوی بوون

لە گوندێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران،  بەهۆی خواردنی قارچکەوە  11 کەس کە خزمی یەکترن ژەهراوی بوون.

ڕۆژی پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026 د. حەمرین مینە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران ڕایگەیاند: “11 کەس کە خزمی یەکترن لە گوندی بناوی سەر بە قەزای خەلیفان، بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون و گەیەندرانە نەخۆشخانەی خەلیفان. دوای چارەسەرکردنێکی فریاگوزاری، ڕەوانەی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران کران.”

د.‌حەمرین مینە گوتیشی: ” چوار لەو نەخۆشانە نیشانەی توندیان هەبوو وەک؛ سەرئێشە، ئازاری سک، ئارەقەکردنی زۆر و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش.”

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی ئاماژەی بەوەش کرد، “دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکان جێگیرە و مەترسییان لەسەر نییە و لە ژێر چاودێری و چارەسەری پزیشکیدان.”

ئەمساڵ ئەمە دووەمین حاڵەتە لەو سنوورە ڕوو دەدات، 4ی ئەم مانگەش، شەش کەسی یەک خێزان بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون و باری تەندروستییان تێکچووبوو.