بەهۆی هاتنە ئارای شەپۆلێکی چالاکیی بوومەلەرزەیی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێران، تەنیا لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا 20 بوومەلەرزە پارێزگای کەرکووکیان هەژاندووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئابی 2026 دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند: “لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا 20 بوومەلەرزە بە گوڕی جیاواز پارێزگای کەرکووکیان هەژاندووە.”
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژی 30ی تەممووزەوە تا ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئابی 2026، کۆی گشتیی ئەو بوومەلەرزانەی لە کەرکووک ڕوویانداوە گەیشتووەتە 20 بوومەلەرزە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەکە، بوومەلەرزەکان بە گوڕی جیاواز تۆمارکراون؛ 11 لە بوومەلەرزەکان گوڕەکەیان لە نێوان 3.0 بۆ 3.9 پلەی ڕێختەر بووە، هەروەها حەوت بوومەلەرزە بە گوڕی 2.0 بۆ 2.9 پلەی ڕێختەر ڕوویانداوە، لەگەڵ دوو بوومەلەرزەی دیکە کە گوڕەکەیان لە نێوان 1.0 بۆ 1.9 پلەی ڕێختەردا بووە.