ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی دەستەکەیان لە ماوەی ڕابردوودا خستەڕوو، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی کرا.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دووپاتکردنەوە لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئامادەیی حکومەتیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاریی و هاوئاهەنگییەک لەگەڵ دەستەی دەستپاکی لەپێناو درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپات کردەوە.